بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە ۴-۵-۲۰۲۶ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە بەغدا. لەمبارەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی لە ميانى سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دەدات و تێیاندا پرۆسهى سیاسی، پێكهێنانى حكوومهتى نوێى عێراقى فيدراڵى، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ دەکرێن.
نێچیرڤان بارزانی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە و زۆربەی لایەنە شیعەکانی تێدایە.
یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق دەبێ.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق کۆ دەبێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها لەگەڵ لایەنە سوننەکانی عێراقیش کۆدەبێتەوە.
سەردانەکە لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق چڕبوونەتەوە و ئێوارەی رۆژی دووشەممە، ۲۷ـی نیسانی ۲۰۲۶، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپێردرا و ۳۰ رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.
هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ نووری عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەبن.
Your Comment