بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئۆنداڤی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە خولەکی ٦٠ی یارییەکەدا وەک یاریزانی جێگرەوە هاتە ناو یاریگا، لە کاتێکدا ئەڵمانیا بە گۆڵێک لە دواوە بوو. ناوبراو توانی لە خولەکەکانی ٦٨ و ٩٤دا دوو گۆڵی یەکلاکەرەوە تۆمار بکات و یارییەکە بە ئەنجامی ٢-١ بەسوودی ئەڵمانیا کۆتایی پێبهێنێت، بەوەش وەک باشترین یاریزانی ڕووبەڕووبوونەوەکە دەستنیشانکرا.
بەم دوو گۆڵە، ئۆنداڤ ژمارەی گۆڵەکانی خۆی لەم مۆندیالەدا گەیاندە ٣ گۆڵ و هاوشانی لیۆنێل مێسی لە لیستی گۆڵکارانی پاڵەوانێتییەکەدا جێگەی گرت. ئەم یاریزانە کە لە هەردوو یاری یەکەمی ئەڵمانیادا وەک یەدەگ بەشدار بووە، ڕیکۆردێکی تۆمار کردووە و لە کۆی دوو یاری بەشداری لە ٥ گۆڵدا کردووە (٣ گۆڵ و ٢ ئەسیست).
ئۆنداڤ کە هێرشبەری یانەی شتوتگارتە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری ڕحای کوردستانی تورکیایە، پێشتر لە وەڵامی پرسیاری میدیاکاندا سەبارەت بە هەڵنەبژاردنی هەڵبژاردەی تورکیا ڕایگەیاندبوو کە ڕەچەڵەکی ئەو کوردە و بڕیاری داوە یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بکات کە تێیدا لەدایکبووە. بەهۆی درەوشانەوەی ئەم یاریزانە، ئەڵمانیا دوای دوو مۆندیال لە شکستی بەردەوام، دواجار گەیشتە قۆناغی داهاتوو.
Your Comment