لە مووشەکەوە بۆ دیپلۆماسی؛ چۆن شەڕی ئەمریکا دژی ئێران هاوکێشە جیهانییەکانی گۆڕی؟*

شەڕی دوو قۆناغیی ئەمریکا دژی ئێران لە مانگەکانی مەی و فێبرواری ٢٠٢٥ لە ڕوواڵەتدا بەهۆی گرژییەکی ناوچەییەوە بوو کە بە ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا سەپێنرا؛ بەڵام لە ناخدا، شەڕێکی ناموسی بوو بۆ پاراستنی هەژموونی ئەمریکا و جێگیرکردنی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، کە لە کۆتاییدا شکستی هێنا. ئەم شەڕە دوای وێرانکاری و زیانێکی زۆری گیانی و دارایی، نەک هەر نەیتوانی سیستمی سیاسیی ئێران بگۆڕێت، بەڵکوو بووە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستمی جیۆپۆلەتیکی جیهاندا.

کوردپرێس- لەم هێرشەدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وەک پاڵەوانێکی کێش قورسی جیهان، خۆی لەگەڵ وڵاتێکدا بەشەڕ دا کە لە دوو دۆخ بەدەر نەبوو؛ یان دەبوو ڕژێمی ئێران بڕوخێنێت یان لێی تێکبشکێت. لە ڕوانگەیەکی شیکارییەوە دەکرێت بڵێین لە هەردوو بارەکەدا هەر شکست چاوەڕێی دەکرد؛ چونکە تێکشکاندنی هێزێکی ناوچەیی نەدەبووە هۆی سەرکەوتن بۆ ئەو، چونکە خۆی بە هێزی بێڕکابەری جیهان دەزانی، و لە ئەگەری شکستیشی لە بەرامبەر هێزێکی ناوچەییدا، تووشی گەورەترین شکستی مێژوویی دەبوو کە قەرەبووکردنەوەی زۆر ئەستەم بوو.

ئێستا بە دانی پێدانانی دۆست و دوژمنان، ئەمریکا لەم جەنگەدا نەک هەر نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی، بەڵکو ناوبانگی جیهانی خۆیشی لەم پێناوە بێبەرهەمەدا خستووەتە مەترسییەوە. ئەمریکا لە هەڵەیەکی بەردەوامی ستراتیژیدا، چووە شەڕی سیستمێکەوە کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا دامەزراوە و ناسیۆنالیزمەکەی ناسیبوو، بێ ئەوەی ناسینێکی قووڵی بۆ کولتوور، شارستانییەت و بیروباوەڕەکانی هەبێت.

لەم شەڕە نابەرامبەرەدا، شکۆی ئەمریکا شکا و ترس لە ڕاوەستانەوە بەگژی ئەوڵاتەدا لای زۆرێک لە وڵاتان نەما، هاوکات هانگیریی خۆباوەڕی و هەستی نەتەوەیی لە نێو کۆمەڵگای ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا بەرزبووەوە. بەپێی زۆرێک لە بەڵگە و بەڵگەنامەکان، ئەمریکا خۆی دەستپێشخەری شەڕەکە بووە و لە هەمان کاتدا خۆیشی پێشنیازی کۆتاییپێهێنانی کردووە؛ چونکە لە بارودۆخی ئێستادا تێچووی شەڕ بۆ هیچ وڵاتێک بەرگە ناگیرێت و ئەمریکاش نەیتوانی دەستکەوتێکی هاوشێوەی ئامانجەکانی لەم شەڕەدا بەدەست بهێنێت.

بە قبوڵکردنی دۆخی دوای شەڕ لەلایەن هەردوولاوە، گۆڕەپانی ململانێکان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بە دەربڕینێکی تر «سەکۆکانی موشەک» گۆڕاون بۆ «سەکۆکانی سیاسی». ئەم قۆناغە دەکرێت بە "ململانێی دانوستاندنەکان" ناوببرێت. ڕوونە کە لەم قۆناغەدا کارەکە بە مەرجێک قورستر دەبێت لە سەردەمی شەڕی سەربازی و تەکنیکەکانی ململانێکەش زۆر ئاڵۆزترن. لێهاتوویی و کارامەیی هەردوولا دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە پێشوەچوونی دانوستانەکاندا بگێڕێت؛ تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت بڵێین گۆڕەپانی ململانێ دیپلۆماسییەکان گرنگتر و هەستیارترە لە گۆڕەپانی موشەک و بۆمب.

بەڵگە بەهێز و مەعنەوییەکانی ئێران لەم قۆناغەدا دەتوانن دەمارەکانی دانوستانەکە بەهێز بکەن. ئەگەرچی لە بەرەی ئەمریکادا ژووری بیرکردنەوە و ناوەندی پسپۆڕی کارامە هەن، بەڵام ترەمپ بڕوایەکی ئەوتۆی بە ژووری بیرکردنەوە (ژووری عەمەلیات) نییە و خۆی بە تەنیا باری بڕیاردانی گرتووەتە ئەستۆ. لە بەرامبەردا، لە بەرەی ئێراندا پاڵنەری بەرگری و ململانێ زۆر بەرزتر لە ئەمریکا دەبینرێت.

مەیدانی شارەکان و تەنانەت گوندەکان، بە گوتەی زۆرێک لە کۆمەڵناسان، یەکێکە لە دیاردەکانی بەرهەمهێنانی هێزی نەتەوەیی لە سەردەمی ئێستادا؛ دیاردەیەک کە ئێران ئێستا ئەزموونی دەکات. ئەم قۆناغە نوێیە، ئێرانی چالاکتر، پویاتر و بەپەرۆشتر کردووە. پێدەچێت ئەم ئامادەییەی گەل، پشتگیرییەکی گونجاو بێت بۆ ململانێی دانوستانەکان.

بێگومان لە هەردوو بەرەکەدا، لایەنگر و دژبەری شەڕ هەن؛ بەڵام کاسبکارانی شەڕ لە بەرەی ئەمریکادا، لۆبی بەهێزی جووە توندڕەوەکانن کە لە ناو جەستەی دەسەڵاتی ئەمریکادا پێگەیەکی بەرزیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبینرێت کە دژبەرانی شەڕ لە ئەمریکادا ڕوودەکەنە زیادبوون؛ لە کاتێکدا کێشی تەرازووی لایەنگرانی ئاشتی و ئارامی لە جیهاندا، کە لە پاڵ ئێراندا وەستاون، قورسترە لە کێشی شەڕخوازان.

ئەوەی مسۆگەرە، بەهۆی ئەو هێرشانەی کرانە سەر ئێران، پاڵنەری بەرگری و خۆڕاگری لە نێوان ئێرانییەکاندا ڕووی لە زیادبوونە و لە بەرامبەردا، بەهۆی کێشە سیاسییەکانی ناوخۆی دەسەڵاتی ئەمریکاوە، ئەو یەکگرتووییەی پێشووی زلهێزبوونی بەدی ناکرێت.

ئەوروپا و وڵاتانی گەورەی وەک چین و ڕووسیاش بەهۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانەوە، داکۆکیکاری ئاشتی و ئارامین. دیپلۆماتکارانی ئێرانیش ئاگاداری ئەم بابەتەن و هاوتەریب لەگەڵ پێویستییە سیاسییەکان، شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیان ڕێکدەخەن. ئەم ڕێبازە لە هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتانی جیهانی و ناوچەییدا، نیشاندەری جۆرێک لە هاوتەریبی ئێرانە لەگەڵ سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ناوچەکە و جیهان.

گۆڕانی ڕێبازی هەندێک لە وڵاتان بەرامبەر بە ئێران، ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی پێگە و کاریگەریی ناوچەیی ئەم وڵاتە؛ ئێرانێک کە کەم وڵات پێشبینی دەکرد بتوانێت لەژێر باری قورسی فشارەکانی شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا لە ناوچەکەدا بە سەلامەتی دەرچێت. بەڵام ئێستا نەک هەر نەڕووخاوە، بەڵکو بووەتە هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا کە هەندێک لە وڵاتان هەوڵ دەدەن هەڵوێستەکانیان لەو نزیک بکەنەوە.

ئەم شەڕە نابەرامبەرە و ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی، ڕەنگە لە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی فیزیکیدا دیاردەیەکی باو و تێپەڕ بێت، بەڵام بێگومان کاریگەرییە قووڵە جیهانییەکانی خۆی لە پرۆسەیەکی کاتیدا بە جیهانیان نیشان دەدات. ڕەنگە ڕووداوێکی وەک شەڕی سارد یان فراوانتر لەوە بەسەر جیهاندا بێت. لە دۆخێکی وەهادا، هاوکێشە جیهانییەکان لەوانەیە لە سیستمێکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای زلهێزییەوە، بەرەو سیستمێکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی ئیرادەکان و خۆباوەڕی گەلان بڕوات و هێڵی کۆتایی بێت بۆ سەردەمی تاکە زلهێزی، و سیستمی سیاسیی جیهان تووشی گۆڕانکاری بنەڕەتی ببێت؛ ئەمەش واتا گۆڕانکاری لە سیستمی جیۆپۆلەتیکی جیهاندا، گۆڕانکارییەک کە کەم کەس چاوەڕوانی دەکرد.

* محەمەد هادیفەر

News ID 227372

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha