بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕێککەوتنە نوێکە بەمشێوەیە؛
١. ئاگربەست و کشانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات: هەردوولا پابەند دەبن بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی لە سەرجەم بەرەکانی شەڕ. وەک هەنگاوێکی نیشاندانی نیازپاکی، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرجەم یەکە سەربازییەکانی خۆیان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای فورات دەکشێننەوە بۆ بەری ڕۆژهەڵات، بە مەبەستی دووبارە بڵاوبوونەوە بەپێی پلانە نوێیەکان.
٢. ڕادەستکردنی دێرەزوور و ڕەققە: ئیدارەدانی سەربازی و مەدەنیی پارێزگاکانی دێرەزوور و ڕەققە بە تەواوەتی دەگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیی سووریا. ئەمەش گواستنەوەی فەرمانگەکان و بنکە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ یاسایی کردنی پێگەی فەرمانبەرانی ئێستای ئەو ناوچانە لە ڕێگەی مەرسوومی سەرۆکایەتییەوە بۆ ناو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت.
٣. یەکخستنی دامەزراوەکانی حەسەکە: سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و کارگێڕییەکانی پارێزگای حەسەکە دەخرێنەوە سەر پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا و بە هەمان سیستەمی کارگێڕیی ناوەندی بەڕێوە دەچن.
٤. وزە، سنوورەکان و دەروازەکان: حکوومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی پاراستن و بەڕێوەبردنی سەرجەم کێڵگە نەوتی و گازییەکان و دەروازە سنوورییەکان دەگرێتە ئەستۆ. داهاتەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێنەوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکاندا.
٥. تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکان: کارمەندانی سەربازی و ئەمنیی هەسەدە، دوای وردبینیی ئەمنی، بە شێوەی "تاکەکەسی" دەخرێنە ناو ڕیزەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا. پلەداری و شایستە داراییەکانیان بە هاوشێوەی سوپای سووریا بۆ دابین دەکرێت.
٦. پاکتاوکردنی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو: سەرکردایەتیی هەسەدە بەڵێن دەدات هیچ یەک لەو ئەفسەر و کەسانەی سەر بە ڕژێمی پێشوون لە ڕیزەکانیدا نەمێنن و لیستێکی تەواوی ناوەکانیان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە پاکی ڕیزەکان.
٧. پارێزگاری حەسەکە و نوێنەرایەتی سیاسی: بۆ دڵنیایی دان لە بەشداریی سیاسیی خەڵکی ناوچەکە، مەرسوومێکی سەرۆکایەتی دەردەچێت بۆ دامەزراندنی کەسایەتییەکی بەربژێرکراوی جێی متمانە وەک پارێزگاری حەسەکە.
٨. دۆخی تایبەتی کۆبانی: شارەکە لە چەکە قورسەکان و بوونی سەربازیی گەورە چۆڵ دەکرێت. هێزێکی ئەمنی لە خەڵکی ناوچەکە پێکدەهێنرێت کە وەک پۆلیسی ناوخۆیی و لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا کار دەکەن.
٩. دۆسیەی داعش و کەمپەکان: ئیدارەدان و پاراستنی زیندانیانی داعش و کەمپەکانی (وەک کەمپی هۆڵ) دەخرێتە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی حکوومەتی سووریا، کە بەرپرسیارێتییە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانی ئەو دۆسیەیە دەگرێتە ئەستۆ.
١٠. پۆستە باڵاکانی دەوڵەت: حکوومەتی ناوەندی لیستێک لە بەربژێرانی هەسەدە پەسند دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵا کارگێڕی، سەربازی و ئەمنییەکان لەناو حکوومەتی ناوەندیدا، بە مەبەستی چەسپاندنی هاوبەشیی نیشتمانی.
١١. مافە کلتوورییەکان و مەرسوومی ١٣: جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦ کە تێیدا دان بە مافی زمان و کلتووری کوردیدا دەنرێت. هەروەها چارەسەرکردنی کێشە مێژووییەکانی وەک (بێنامەیی/مەکتوم) و کێشەی خاوەندارێتیی زەوی و زارەکان کە لە دەیەکانی ڕابردوودا دروست ببوون.
١٢. پرسی پەکەکە: هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی سەرجەم ئەندام و سەرکردە ناسوورییەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە خاکی سووریا، وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و ئاسایشی ناوچەیی.
١٣. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و جەنگی تیرۆر: دەوڵەتی سووریا بەردەوام دەبێت لە جەنگی دژی پاشماوەکانی داعش و وەک ئەندامێکی کارا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا کار دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیری.
١٤. عەفرین و شێخ مەقسوود: هەردوولا کار دەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دابینکردنی مەرجی گەڕانەوەی شکۆمەندانە و ئارام بۆ دانیشتووانی عەفرین و گەڕەکی شێخ مەقسوود بۆ سەر زێدی خۆیان.
Your Comment