پەیامی نێچیرڤان بارزانی له‌بارەی ڕێككه‌وتنی حكوومه‌تی سووریا و هه‌سه‌ده‌

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ ڕێككه‌وتنی حكوومه‌تی سووریا و (هه‌سه‌ده‌) ده‌كات و دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگ و دروستە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان".

کوردپرێس، دەقی ڕاگەیێندراوەکە بڵاو دەکاتەوە:

پێشوازی و پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) ده‌كه‌ین بۆ ڕاگرتنی شەڕ، تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە سەربازی و كارگێڕییه‌كان، مسۆگەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەیییەکانی گەلی کورد و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.

ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگ و دروستە بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان. ئێمە هەمیشە جەختمان لەوە کردووەتەوە کە دیالۆگ، لێکگەیشتن و ڕێگەچارەی سیاسی، تاکە دەرچەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.

ئه‌م ڕێککەوتنه‌ زەمینەیەکی بەهێز بۆ سەقامگیری، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە. هیوادارین ببێتە مایەی بنیاتنانەوەی سووریایه‌کی یه‌کگرتوو، پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كورد و هەموو پێکهاتەکان له‌ ده‌ستووری داهاتوودا و بەدیهێنانی ئارامی بۆ سووریا و ناوچەکە به‌گشتی.

News ID 226802

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha