بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: رۆژی یەکشەممە هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی داوای لە پارتی کردووە کە لەو ماوە کەمەی بۆ وادەی یاسایی ماوە، هیچ بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشکەش نەکەن تاوەکوو شاندێکیان دێتە لایان و لەسەر کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەت رێکدەکەون.
پارتی رەتیکردووەتەوە بەبێ رێککەوتن دەستبەرداری "مافی خۆی" بێت لە بەربژێرکردنی کەسایەتییەکان، بۆیە رۆژی دووشەممە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر کرد.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا "کاونت داون" بۆ یەکێتی دەستیپێکردووە و تەنیا ۲۲ رۆژ لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ماوە. پارتی چوار مەرجی سەرەکیی داوەتە یەکێتی کە دەبێت پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا پارتی بە بەربژێری خۆیەوە دەچێتە نێو پرۆسەکەوە.
مەرجەکانی پارتی چین؟
پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم نەخشەڕێگەیەی خستووەتە بەردەم یەکێتی:
یەکەم: دەبێت پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت؛ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت.
دووەم: دوای هەنگاوی یەکەم، دەبێت پەرلەمان کۆ ببێتەوە و نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت و یەکێتی دەنگی پێ بدات.
سێیەم: جارێکی دیکە پەرلەمان کۆ ببێتەوە و مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رابسپێرێت و کابینەکە پێکبهێنرێت.
چوارەم: ئەگەر ئەو سێ خاڵەی سەرەوە جێبەجێکران، پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێرەکانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکشێنێتەوە و دەنگ بە بەربژێرەکەی یەکێتی دەدات.
Your Comment