بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێڤین سلێمان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ کاتژمێر ١١:٣٠ی پێش نیوەڕۆ فڕۆکە بۆردوومانی خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی کرد. لەو هێرشەدا ٤ کەس بەرکەوتن کە یەکێکیان شەهید بوو و سێیەکەی دیکەش بریندارن و برینەکانیان سەختە. هێرش بەردەوامن و شەڕی تووند هەیە. بە چەک و تانک هێرش دەکرێتە سەر ئەو گەڕەکانەی خەڵکی سڤیلیان لێیە. لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانە ١٧ کەس بریندار بوون کە لە نێویاندا منداڵی بچووکی دوو ساڵی و سێ ساڵی هەن. هەروەها ژنێکیش گیانی لەدەستداوە و تاوەکو دێ ژمارەی برینداران زیاتر دەبێت".
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕایگەیاند: "چەکدارانی گرووپەکانی عەمشات و حەمزات لە شامەوە چەکیان بۆ دەوروبەری شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە گواستووەتەوە و چوار مانگە دەیانەوێ ئەم ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن و کورد کۆمەڵکوژ بکەن. ئەوان دەیانەوێ جارێکی دی هاوشێوەی سەردەمی رژێمی بەعس وڵات بەڕێوەببەن. لە بەرامبەردا خەڵکی هەردوو گەڕەک پشتیوانییەکی باشی هێزەکان دەکەن. ئێمە جارێکی دی دەڵێین، ئەم شەڕە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە".
هێڤین سلێمان وتیشی: "هێرش و تۆپبارانکردنی هەڕەمەکی هەردوو گەڕەک هەیە کە بە هەزاران سڤیل لێیان دەژین، هیچ کات نەیانویستووە ئەو شەڕە هەڵبگیرسێ، بەڵام کاتێک هێرش دەکرێ، ناچارن بەرگری لە خۆیان بکەن".
هەر لەبارەی هێرشەکانەوە هێڤین سلێمان ڕایگەیاند "ئەو هێرشانە دژی برایەتیی گەلان دەکرێنە سەر تەواوی ئەو پێکهاتانەی لە ناوچەکەدان دەژین. ژنیکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی فاتیمە تۆپ بەر ماڵەکەی کەوتووە و شەهید بووە. نەوەک هەر کورد، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەش کەوتوونەتە بەر هێرش و تۆپبارانەکە".
لەبارەی دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا راشیگەیاند "دۆخەکە باش نییە، چونکە هەر ٧ دەروازەی گەڕەکەکان داخراون. تەنیا یەک دەروازە کە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە حەلەب دەبەستێتەوە کراوەیە، ئەویش خەڵک تەنیا دەتوانن بە پیادەڕۆیی پێیدا بڕۆن. ئەوەش تەنیا بۆ پێویستیی رۆژانەی هاووڵاتیانە".
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەروەها رایگەیاند، ئەو گەمارۆدان و گوشارەی لەسەر دوو ئەو دوو گەڕەکە هەیە، هاوشێوەی گەمارۆی سەردەمی بەعسە.
لەبارەی وێنەی دوو منداڵ کە تۆڕی میدیایی ڕووداو بڵاویکردنەوە، هێڤین سلێمان رایگەیاند، "ئەو دوو منداڵە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودن و لە ئەنجامی کەوتنی گوللەتۆپ بەسەر ماڵەکانیان بریندار بوون. تەمەنی یەکێکیان سێ ساڵ و ئەوەی دیکەش دوو ساڵە. لەو بۆردومانەدا دایکی یەکێک لەو منداڵانەش بریندار بوو کە برینەکەی قورسە".

هێڤین سلێمان وتیشی: "بەڕاستی هەمووان بەرامبەر رای گشتی بەرپرسیارن. لەکوێی جیهاندا هێرشی لەمجۆرە دەکرێتە سەر گەڕەکی سڤیلنشین؟ ئایا یاسای نێودەوڵەتی رێگە دەدات بە تۆپی قورس هێرش بکرێتە سەر شوێنێکی وەها؟ شتێکی وەها لە یاسای نێودەوڵەتیدا نییە، هەربۆیە دەبێت هەمووان خۆیان بە بەرپرسیار ببینن. ئێمە دەڵێین سڤیل، منداڵ و ژن دەکوژرێن. خەڵکی سڤیل بەم زستانە سەختە بەهۆی گەمارۆوە ناتوانن پێویستیی خۆیان جێبەجێ بکەن".
هاوکات ڕایگەیاند: "ماوەی ٥ مانگە سووتەمەنی ناگاتە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، لەکاتێکدا ٥٠هەزار خێزان لەوێ دەژین".
Your Comment