بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت لە هێرشەكەی ئەمڕۆی سەر دەورییەكی هاوبەشی هێزەكانی ئەمریكا و سووریا لە شاری تەدمور لە بیابانی سووریا، دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی ئەو وڵاتە کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکە لەلایەن یەک چەکداری سەر بە ڕێکخراوی داعشەوە ئەنجام دراوە کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو سەرباز و یەک کارمەندی مەدەنیی ئەمەریکی برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی.
سێنتکۆم ڕوونی کردووەتەوە هێزەکانیان وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و چەکدارە هێرشبەرەکەی داعش کوژراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی سیاسەتە سەربازییەکان و وەک ڕێزێک بۆ خانەوادەکان، تا ۲۴ کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی کەسوکاریان، ناسنامەی کوژراوەکان بڵاوناکرێتەوە.
Your Comment