ئەرکەکەی تۆم باراک و نیگەرانییەکان لە بەهێزبوونی مەرکەزییەت لە عێراق

دەستنیشانکردنی "تۆم باراک" وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، وەک نیشانەیەک بۆ مەیلی نوێی واشنتۆن بەرەو بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆتری دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق هەڵدەسەنگێندرێت؛ ستراتیژییەک کە لە یەک کاتدا سەرنج دەخاتە سەر بەهێزکردنی حکوومەتی ناوەندی، سنووردارکردنی دزەکردنی ئێران و پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێکەوتی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٦، دەستنیشانکردنی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەنقەرە، "تۆم باراک"ی وەک نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ کاروباری عێراق و سووریا ڕاگەیاند. باراک یەکێکە لە ملیاردێرە گەورەکان و لە نزیکترین دۆستەکانی ترەمپە، کە پەیوەندییەکی دێرینی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە؛ ئەو چەندین ساڵ لە عەرەبستانی سعوودی کاری کردووە و لەگەڵ چەندین وڵاتی کەنداو لە پەیوەندیدایە. ئەم هەنگاوە نیشاندەر فەرمیبوونی فراوانبوونی ئەرکەکانیەتی لە ناوچەکەدا. ترەمپ لە کاتی ستایشکردنی ڕۆڵی باراکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پشتیوانی تەواوی لێدەکرێت و لە ڕێگەی ئەم پێگەیەوە بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ئەمە لەکاتێکدا بوو کە ڕۆژێک پێش ئەم ڕاگەیاندنە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە کە تۆم باراک، سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکی پێشووی وەک نێردراوی تایبەت لە کاروباری سووریا، ڕۆڵێکی سەرکردایەتی لە هەر دوو دۆسیەی عێراق و سووریادا لە چوارچێوەی ئیدارەی ترەمپدا دەگێڕێت.

لێدوانەکانی مارکۆ ڕوبیۆ و بەیاننامەکەی ترەمپ، ڕەهەندێکی فەرمی دەبەخشنە ئەو ڕۆڵەی کە باراک لە مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کرداری لە دۆسیەی عێراقدا دەستی پێکردبوو. ئەو دوای دروستکردنی ڕێگری لەبەردەم دەستبەکاربوونی فەرمی "مارک ساوایا" وەک نێردراوی تایبەت لە عێراق، بوو بە یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی پێوەندیی ئەمریکا لەگەڵ بەغدا.

دیاریکردنی تۆم باراک نیشاندەری ستراتیژی کۆشکی سپییە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی بەغدا لە چوارچێوەی دیدگایەکی ناوچەیی یەکگرتوودا. لە کاتێکدا شارەزایان پشت بە کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەو لەلای دۆناڵد ترەمپ دەبەستن بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق، لە هەمان کاتدا ئاستەنگەکانی پێوەند بە دزەکردنی ئێران، ئایندەی هاوپەیمانێتییەکان و گرووپە چەکدارەکان، و پێکهاتەی حکوومەتی عێراق وەک دیارترین دۆسیەکانی سەر مێزی ئەم نێردراوە نوێیە خۆیان دەنوێنن.

تۆم باراک لە ئێستادا وەک یەکێک لە شاخصترین کەسایەتییە ئەمریکییەکان دادەنرێت کە ڕاسپێردراوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکانی مەشریقی عەرەبی، بەتایبەت عێراق، سووریا و لوبنان. ئەمەش بەهۆی پاشخانی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ بەستنەوەی بە دۆسیەی تورکیاوە کە پێگەیەکی کاریگەری پێبەخشیوە لە بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتانەدا. ئەو ڕۆڵێکی گەورەی لە قۆناغی سیاسی نوێی سووریادا گێڕاوە و لە هەمان کاتدا هاوڕێی تحولاتە ئاڵۆزەکانی لوبنان بووە؛ عێراقیش بەهۆی تێکەڵاوبوونی سیاسی و ئەمنی لەگەڵ دۆسیەکانی سووریا و لوبنان، لەم سیاقە ناوچەییە دوور نییە.

بۆچی تۆم باراک؟

تۆم باراک کە ملیاردێرێکی بواری خانوبەرە و لە کەسە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپە، لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە نێردراوی سەرەکی ئیدارەی ئەمریکا بووە لە کاروباری سووریا و لە هەمان کاتدا وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تورکیاش کاری کردووە، پێش ئەوەی دۆسیەی عێراقیش بخرێتە سەر شان و بەرپرسیارێتییەکانی.

تۆم باراک لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ناڕاگەیەندراو بەدواداچوونی بۆ ژمارەیەک پرسی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کردووە، بۆیە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە دۆسیەی عێراق دوور نەبووە و ئەم چانسەی هەبووە کە ناسینی قووڵتری بۆ وردەکاری و ئاڵۆزییەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق دەستبکەوێت. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی باراک، خێرایی لە بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی هەڵوێستەکانە، لە کاتێکدا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە پشتیوانی ڕاستەوخۆی لێدەکرێت؛ ئەمەش مەودایەکی بەرفراوانی مانۆڕکردنی پێدەبەخشێت بۆ کاریگەری دۆزینەوە لەسەر ڕەوتی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن لە قۆناغی داهاتوودا.

 

سەیری باراک ناکرێت تەنها وەک نێردراوێکی دیکە بۆ سووریا یان عێراق، بەڵکو ئەو نوێنەرایەتی تیۆرییەکی جیاواز دەکات سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی ناوچەکە، بەڕێوەبردنی ململانێکانی ناوخۆی، دروستکردنی پەیوەندییەکان و سەپاندنی خواستەکان.

دەرکەوتنی باراک ڕەنگدانەوەی وەرچەرخانێکە لە سیاسەتی ناوچەیی سەردەمی ترەمپدا؛ واتە گۆڕینی سەرنج لەسەر ئەکتەرە سەربەخۆ یان بچووکەکان بەرەو سەرنجخستنە سەر حکوومەتە ناوەندییە بەهێزەکان و ئەکتەرە سەرەکییەکانی بڕیاردان، ئەویش لە ڕێگەی هاوکاری ڕاستەوخۆ لەگەڵیاندا. وەک چۆن باراک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی پێداوە، ئەو سیاسەتی "فەرامۆشکردنی لایەنەکانی تر یان دامەزراوە کەم‌کاریگەرترەکان، کەم‌سەروەتترەکان و ناناوەندییەکان"ی چەسپاندووە. سیاسەتی ترەمپ کە لەلایەن نێردراوەکەی باراکەوە جێبەجێ دەکرێت، گرنگییەکی زۆر دەدات بە هاوکاریی توندوتۆڵ لەگەڵ حکوومەتی شەرعی لە سووریا و حکوومەتی نوێی عێراق، لە کاتێکدا لایەنە سیاسییە بچووکترەکان پشتگوێ دەخات.

لە هەمان کاتدا، پاشخانی ئابووری باراک وەک بازرگان و وەبەرهێنەرێک، پێدەچێت ڕەنگدانەوەی ستراتیژی ئەمریکا بێت بەرەو فراوانکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان لەگەڵ عێراق، هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئێران لە هەندێک دۆسیەی هەستیاردا، لە ڕێگەی دروستکردنی پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئابووری هاوبەش دامەزرابێت. بۆیە، دیاریکردنی باراک لەگەڵ دیدگای نوێی ئەمریکا بۆ ڕێکخستنەوەی ئەولەویەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگونجێت؛ ستراتیژییەک کە لەگەڵ سیاسەتە نەریتییەکانی واشنتۆن لە ساڵانی ڕابردوودا جیاوازە و لەگەڵ تحولاتە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا گونجاوە.

هەروەها ئەزموونی پێشووی باراک لە دۆسیەی تورکیادا، لە پاڵ نزیکایەتی لەگەڵ ترەمپ، پێگەیەکی کاریگەری پێدەبەخشێت لە بەڕێوەبردنی دۆسیە ئاڵۆزەکانی پەیوەندیدار بە وزە، هاوسەنگییە ناوچەییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکان، لەگەڵ توانای کۆکردنەوەی ڕەهەندە ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکان بە شێوەیەکی هاوکات.

ئامادەیی کەسایەتییەک بەم تایبەتمەندییانەوە لە سەرووی دۆسیەی عێراقەوە، نیشاندەری ستراتیژی ئەمریکایە بەرەو بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆتری دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراقدا، بە شێوازێک کە لەگەڵ دیدگای حکوومەتی ئێستای ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا بگونجێت.

هەڵبژاردنی باراک لە کاتێکدا دێت کە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە سیاسی و ئەمنییە خێراکان لە عێراقدا؛ لەوانە بەردەوامی گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە ئایندەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا، میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە ئەمنی و سیاسییەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژیدا، و ئەو جموجۆڵانەی کە لە دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکاندا هەن.

باراک لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستنیشانکردنی وەک نێردراوی عێراق، ستایشی هەنگاوەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کرد بۆ کۆکردنەوەی چەک و قۆرخکردنی لە دەستی دەوڵەتدا، و پیرۆزبایی لەو گرووپانە کرد کە بڕیاریاندا چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن.

باراک لە پۆستێکدا نووسیویەتی: «گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە؛ هەنگاوێک کە بەردی بناغەی حوکمرانییەکی نیشتمانی لە عێراقێکی نوێبووەوەدا پێکدەهێنێت، حوکمرانییەک کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی سەروەری، سەقامگیری بەردەوام و بەڵێنی چاکسازی نیشتمانی دامزراوە.» ئەو هەروەها ستایشی ئەو گرووپانەی کرد کە «بە بڕیارە بنەماییەکەیان بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی چەکەکانیان بۆ حکوومەتی عێراق، ڕۆڵ لە بنیاتنانی سیستمەکەدا دەگێڕن.»

باراک بەو شێوازە سەیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات وەک «کۆمەڵێک خێڵ و گوند کە دوای ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦دا بە شێوەیەکی دەستکرد دابەش کراون بەسەر دەوڵەت-نەتەوەکاندا»... و بەڕێوەبردنی ئەم هەمەجۆرییە، پێویستی بە دەسەڵاتێکی ناوەندیی بەهێز هەیە.

بەشێک لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە باراک دیدگایەکی جیاوازی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا کە لەسەر بنەمای وانەوەرگرتن لە هەڵەکانی هاوڕێ لەگەڵ ئەزموونی ئەمریکا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دامزراوە؛ بەتایبەت ئەو هەڵانەی کە پەیوەندییان بە لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندی و پەرەسەندنی مایلەکانی فیدراڵی و ناوچەیییەوە هەیە. هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی پێشووی نیشاندەری پشتگیریکردنن لە بیرۆکەی حکوومەتێکی ناوەندی بەهێز و توانای ئەو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات.

بە دڵنیاییەوە ناتوانرێت باسی تۆم باراک بکرێت بێ ئەوەی ئاماژە بەو دۆخە نەکرێت کە ئەو لە هەمبەر کوردی سووریادا دروستی کرد؛ کاتێک باراک کوردی سووریای پشتگوێ خست و ڕایگەیاند کە ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ کۆتاییهاتنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا کۆتایی پێهاتووە؛ ئەویش دوای هاوبەشییەک کە چەندین ساڵی خایاند و تێیدا پێشینەکەی "جۆیل ڕایبێرن" سەرەڕای دژایەتی توندی تورکیا، سەرنجی خستبووە سەر هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە، لەکاتێکدا باراک سەرنجی خۆی خستە سەر بەهێزکردنی ناوەند لە دیمەشق.

لەسەر ئەم بنەمایە، لە ماوەی شەڕی داعشدا، کورد بۆ ئەمریکا «هاوبەشێکی ستراتیژی» بوو، بەڵام لە دیدگای باراک و ئیدارەی نوێی ترەمپدا، کاتێک شەڕ تەواو دەبێت، هاوبەشەکان دەبنە «بارگرانییەکی سیاسی». لێدوانەکانی باراک سەبارەت بەوەی کە کورد هەمیشە بۆ ناوەند کێشە دروست دەکات، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن چیتر ئامادە نییە لە پێناو پاراستنی تایبەتمەندی کورددا، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدایەکی «بەهێز» تێکبدات. باراک دەیەوێت بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بەهێز بکات و لەم پێناوەدا ئامادەیە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی هەرێم بکاتە قوربانی.

پێدەچێت نێردراوی ئەمریکا هەمان ستراتیژی سووریای لە عێراقیشدا گرتبێتەبەر، بەتایبەت لە دوو دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و هەرێمی کوردستان.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، واشنتۆن عێراقی هانداوە بۆ داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران؛ ئەو گرووپانەی کە لە درێژەی شەڕی ئەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنی سەربازییان وەک پشتیوانییەک لە تاران ئەنجامدا و زۆربەی ئەندامەکانیان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی حەشدی شەعبیدا جێگەیان دەبێتەوە. ئەمریکا هەروەها بەردەوامیی پشتگیرییەکانی خۆی مەرجدار کردووە بە دوورخستنەوەی ئەم گرووپانە و باڵە سیاسییەکانیان لە حکوومەتی نوێ.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، لێدوانەکانی باراک دەربارەی فیدراڵیزم و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە. ئەو لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا وتی کە مەرکەزییەت، لامەرکەزییەت و فیدراڵیزم هەموویان «وەهمگەلێکن» کە حکوومەتەکان دروستیان دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پێدەچێت هەرێمی کوردستان نەیەوێت بەو شێوازەی لە دەستووردا هاتووە، بەشێک بێت لە عێراقی فیدراڵ. ئەگەرچی ئەم لێدوانانە بە واتای دوژمنایەتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بوونی هەرێم یان داواکاری بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی نییە، بەڵام گوزارشت لە دیدگایەکی سیاسی دەکات کە لەسەر حیسابی پشتگوێخستنی پێکهاتەکانی حوکمرانی لامەرکەزی یان پڕۆژە سیاسییەکان کە لەسەر قەبارەیەکی گەورە لە سەربەخۆیی بنیات نراون، باڵادەستی دەدات بە حکوومەتە ناوەندییە بەهێزەکان.

باراک ڕەخنەی هەیە بەو ناوەڕۆکەی کە هەرێم نەیەوێت بەشێک بێت لە عێراقی فیدراڵ و ئەمە وەک نیشانەیەک لە خەونی سەربەخۆیی و چۆنیەتی دروستکردنی ڕێگری بەردەوام لەلایەن هەرێمەوە لەبەردەم ناوەند لە بەغدا و هاوکاری نەکردن لەگەڵیدا دەبینێت.

ئەم دیدگایە تا ڕادەیەک بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لە نێوان هەندێک لایەنی سیاسیدا، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان؛ ئەم نیگەرانییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە باراک پێشتر هەڵوێستی پێچەوانەی لە هەمبەر پڕۆژە فیدراڵییەکان لە ناوچەکانی تری وەک سووریادا گرتبووەبەر، کە ئەمەش باوەڕبوون بە پەسەندکردنی مۆدێلەکانی حوکمرانی ناوەندی لە جیاتی شێوازەکانی لامەرکەزی لەلایەن ئەوەوە بەهێز دەکات.

بەڵام سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای پێگەی یاسایی ئەو لە دەستووردا پێیان وایە کە ئەم هێزانە بەشێکن لە سیستمی بەرگری. باوەڕی شارەزایان و چاودێرانیش لەسەر ئەوەیە کە بە هۆی نەبوونی گلەیی لێیان لە میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی چەک و قۆرخکردنی لە دەستی دەوڵەتدا – کە ئێستا لە هەمبەر گرووپە چەکدارەکاندا جێبەجێ دەکرێت – دۆخی پێشمەرگە لە حاڵەتی هەڵپەسێردراویدا دەمێنێتەوە و چارەنووسێکی هاوشێوەی لەگەڵ ئەواندا نابێت.

هێزەکانی پێشمەرگە هێزگەلێکن کە لە دەستووردا لە ماددەی ١٢١دا وەک پاسەوانانی هەرێم جێگیر کراون و هیچ سکاڵایەک لە دژی ئەوان، چ لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و چ وڵاتانی کەنداوەوە نەبووە؛ بەپێچەوانەی ئەوەی کە لە هەمبەر حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکاندا ڕوویدا.

پێشتر، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردبووەوە کە «چەکی هێزەکانی پێشمەرگە ناتوانرێت تەنها وەک ئامرازێکی سەربەخۆ یان هۆکاری شەڕ کورت بکرێتەوە، بەڵکو نیشاندەری ڕەمزێکی قووڵە لە مێژوویەکی درێژ لە خەبات و قوربانیدان». ئەو جەختی کردەوە کە پێشمەرگە «لە خوێن، ناڵە و فرمێسکی خەڵکی کوردستان لەدایکبووە و چەکەکەی ڕەنگدانەوەی جەوهەری کەرامەت، مێژوو و تفکری خەباتگێڕانەی گەلی کوردە».

ئەم مشتومڕانە هاوکاتن لەگەڵ نیگەرانییەکانی هەولێر لە گوشارەکانی حکوومەتی فیدراڵ و جموجۆڵەکانی تۆم باراک، نێردراوی ترەمپ، کە بە پشتیوانیکردن لە مەرکەزییەت لەسەر حیسابی لاوازکردنی هەرێم دەناسرێت.

ئەوەی لەم قۆناغەدا مەترسیدارە، تەنها دیدگای باراک نییە، بەڵکو لێکترازان و شەقبوونی ناوخۆیی هەیە لە هەرێمی کوردستاندا. باراک وەک پیاوێکی بازرگان، دەزانێت چۆن لە درز و کەلێنەکانەوە بچێتە ژوورەوە. کاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانن لەسەر دۆسیە ئەمنییەکان و یەکخستنی پێشمەرگە بگەنە ڕێککەوتن، باراک ئەم بابەتە وەک بەڵگەیەک بۆ سەرۆک ترەمپ بەکاردەهێنێت کە «ئەم مۆدێلە کارا نییە» و پێویستە چەک و بڕیاردان بۆ ناوەند بگەڕێندرێتەوە.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە یەکێک لە دیارترین ئەو ئاستەنگانەی کە باراک لە عێراقدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، مامەڵەکردنە لەگەڵ دۆسیەی دزەکردنی ئێران و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان بەغدا و واشنتۆن؛ لە پاڵ پشتگیریکردن لە کرانەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەرە ناوچەییەکەیدا بە شێوازێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکانی.

هەروەها گۆڕەپانی عێراق هێشتا دۆسیەی ئاڵۆزی تێدایە کە پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن و بەدواداچوونی واقیعی هەیە. ئایا تۆم باراک توانای ئەوەی هەیە کە تۆڕێک لە پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەکان لە ناوخۆی عێراقدا دروست بکات کە یارمەتیدەری بن لە بەڕێوەبردنی کاراتری ئەم دۆسیانە لە قۆناغی داهاتوودا؟

ئەرکی ئایندەی باراک ئەگەری زۆرە لەسەر نزیکبوونەوە لە سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و پێکهێنانی تیمەکانی کاری هاوبەشی عێراقی-ئەمریکی (و ڕەنگە عەرەبی) چڕبێتەوە، بۆ ئەوەی هاوڕێی گۆڕانکارییە سیاسییەکان بن لە وڵاتدا و پشتگیری لە ڕەوتی بونیاتنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئەو بکەن بەدوور لە کاریگەری چەکەکانی دەرەوەی یاسا و دزەکردنی بیانی؛ بابەتێک کە پێویستی بە ئارامی و بەردەوامی هەیە.

News ID 227362

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha