ڕێێکەوتنی گشتگیر لەگەڵ دیمەشق بەبێ چارسەری بنەڕەتی مومکین نییە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق ناکەین تا لە دەستوری سووریادا مافی کورد نەسەلمێنن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا، دەربارەی دۆخی سووریا ڕایگەیاندووە: ئێمە هۆکاری جێبەجێ نـەکردنی ڕێککەوتننامەی ۱۰ی ئازار نین و هەمووان ئەم ڕاستیە دەزانن و هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ دیمەشق ناکەین تا لە دەستوری سووریادا مافی کورد نەسەلمێنن.

عەبدی وتوشیەتی: "فەڕەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا باش دەزانن هەسەدە پابەندە بە ڕێککەوتنەکە، بەڵام لایەنی ترە کێشە دروست دەکات و پەکی دەخات".

ئاماژەی بەوەشداوە، هەموو بەڵگەنامە و پێشنیازەکانی تایبەت بە دانوستانەکانمان لەگەڵ دیمەشق بە بەشداری وڵاتانی نێوانگیر بووە.

له‌باره‌ی به‌شداری کردنی له‌ دیداری مێپس له‌ شاری دهۆک، ڕایگه‌یاندووە "ماوەیەک لەمەوبەر داوامان لێکرا بەشداری ئەو کۆڕبه‌نده‌ بکه‌ن، ئەو سەردانە بە گرنگ دەزانین".

لەبارەی ئەو پەیوەندییە نوێیەوە لەگەڵ هەرێمی کوردست عەبدی درێژەی پێداوە و دەڵێت: "ئێمە وەک سەرەتای پرۆسەیەکی نوێ دەیبینین، بەشداریکردن لە کۆڕێکی لەو شێوەیە لە دهۆک لەم ماوەیەدا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕادەبەدەر گرنگە، لەمەودوا سەرەتایەکی نوێ دەبێت لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ باشووری کوردستان، هەروەها پەیوەندییە نوێیەکان گەشە دەکەن، بە گەرمی پێشوازیمان لێکرا، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ براکانمان لە باشوور تەواو سروشتیییە".

ناوبراو زیاتر وتی: "ئەوە یەکەمجار نییە لەگەڵ به‌رپرسانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبینەوە، درێژەی سەردانەکانی پێشوو بوو، باسمان لە زۆر پێشهاتەکانی ئێستا کرد، بابەتی هاوبەش هەبوون کە جێگەی نیگەرانی هەردوولا بوو، لەسەر ئەم پرسە ڕاوێژمان کرد، بەو پێیەی بەشێک بوو لە کارنامەی هاوبه‌شمان، هەروەها سەرنجمان خستە سەر دیالۆگەکەمان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، بۆچوونەکانمان هاوبەش کرد".

دەربارەی پشتیوانی هەرێمەوە بۆ کوردستانی سووریا، مەزڵوم عەبدی دەڵێت: "پشتیوانی باشووری کوردستان بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پرسێکی گرنگە، بەشێوەیەکی گشتی ئێمە سەرنجمان خستە سەر پرسەکانی ئاشتی و دیالۆگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بابەتەکانی تایبەت بە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو کوردەکان. دەرئەنجامەکە ئەرێنی بوو". 

فەرماندەی گشتی هەسەدە لەبارەی ده‌روازه‌ی سێمێلکاشەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان بەردەوام باسی ئەم بابەتانە دەکەن، بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، باشووری کوردستان پێویستە ڕۆڵێکی بەرچاو لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنانی سووریادا بگێڕێت و دەڵێت: "چوونکە ئێمە دراوسێین، هەروەها براین، جەختمان لەوە کردەوە کە ئەوان نەک تەنها لە باشووری کوردستان، بەڵکوو بۆ کوردانی باکوور و ڕەوەندیش ڕۆڵێکی بەهێز بگێڕن، بەتایبەتی لە بنیاتنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا".

عەبدی دەشڵێت: "جێگای دڵخۆشییە کە هەموو کورد و ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان ئەو پرۆسەی ئاشتییە لە باوەش دەگرن کە ڕێبەر ئاپۆ پێشی خستووە، ئێمە لە کۆنفرانسەکەدا باسمانکرد و هەمووان هەروایان وت، هیوادارین ئەم کارە بتوانێت زەمینە بۆ یەکڕیزی نێوان هەموو لایه‌نه‌کانی کوردستان خۆش بکات، ئەم بابەتە لە هەموو کۆبوونەوەکانماندا هاتە ئاراوە، ئێمە لە هەموو لایەنەکانەوە ڕێبازێکی ئەرێنیمان بەدیکرد، نوێنەرانی ئەنجوومەنی کوردی سوریاش ئامادە بون، دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا تا چۆن بتوانین یەکڕیزی لە ڕۆژاڤا پتەوتر بکەین".

له‌باره‌ی کۆبونه‌وه‌ی شاندی دیمه‌شق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریکا دەڵێت: "وردەکاری دیداری نێوان ئەحمەد شەرع و کۆشکی سپی لەلایەن تۆماس باراکەوە پێمان گەیشت، ئەوەندەی دەتوانین بزانین، شتێکی ئەرێنی بو، پرسی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە نێویاندا هه‌سه‌ده‌ لەگەڵ ترەمپ تاوتوێ کرا، ترامپ پرسیاری کردووە و وەڵامی وەرگرتووە. شتێکی ئەرێنی بوو، ئەوان دڵنیایی دەدەنە سەرۆک ترومپ لە پابەندبوونیان بە چارەسەر، هه‌روه‌ها وتویانه‌ پەیوەندییان لەگەڵ هه‌سه‌ده‌ باشه‌ و دەیانەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بە گشتی ڕێبازێکی ئەرێنی سەریهەڵدا".

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕوونیشیکرده‌وه‌، هاوکات هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئامادەبووه‌، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ ئەودا کراوه‌، "سەرۆک تره‌مپ ویستویەتی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەبێ شەڕ چارەسەر بکرێن، ئەوانیش ڕازی بون، هەروەها باس لەو قوربانیدانانە کرا کە هێزەکانی سوریای دیدموکرات (هه‌سه‌ده‌) لە دژی داعش تا ئێستا داویه‌تی".

فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: "کێشەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە شتە ئەرێنییەکان لە کۆبوونەوەکاندا باس دەکرێن، بەڵام ئەو بابەتانەی باس دەکرێن بە کردەوە جێبەجێ ناکرێن، ئەوە یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئێمە، پێشبینی دەکەین دوای کۆبونەوەی واشنتن هەنگاوی کردەیی بنرێت، دەبێت هەنگاوی کردەیی لە ماوەی داهاتوودا بنرێت".

News ID 226501

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha