کوردپرێس: نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆمی رووداو هەڵبژاردنی سێشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنێت و دەڵێت: ئەمە "دەرفەتێکە بۆ کردنەوەی دەرگایەکی نوێ لە پەیوەندییەکان". ڕاشیگەیاند: دوای هەڵبژاردن، عێراق دەچێتە "قۆناخێکی نوێوە" بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی گفتوگۆ کردەوە و رایگەیاند، "بەغدا قووڵایی ستراتیجیی ئێمەیە و دەبێت کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەین".
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دا کە ئەو سەردەمە تێپەڕیوە کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئێمە ئەو قۆناخەمان بەجێهێشتووە کە دۆخەکە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا ئەوەندە تێکبچێت کە نەتوانین چاکی بکەینەوە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای هەڵبژاردنەکانی کوردستان، هەوڵ دەدەن حکوومەتێک پێکبهێنن کە "جێی متمانەی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بێت".

نێچیرڤان بارزانی وردەکاریی گفتوگۆی خۆی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی کردنەوەی ئاسمانی سلێمانی ئاشکرا کرد و وتی: "لە کۆبوونەوەکەدا پێم گوت کاتی ئەوە هاتووە بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی سلێمانی بدەن"، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش "ڕاستەوخۆ قبووڵی کرد، تەلەفۆنی کرد و کێشەکەی چارەسەر کرد. بارزانی: وتیشی بۆ ئێمە هەولێر و سلێمانی و دهۆک یەکن.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە پارتی باوەڕی بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و کارا هەیە، بەڵام بە پێویستی زانی"بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان وەک هێڵی سوور ببیندرێن".
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، نێچیرڤان بارزانی داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و دەنگ بە لیستی ۲۷۵ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، چونکە وەک خۆی وتی: "هەر یەک دەنگێکیش بۆ ئێمە زۆرە و گرنگە".
Your Comment