دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو یەکەم گەشتی نێوان سلێمانی و تورکیا ئەنجام درا

دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا، شەوی ڕابردوو گەشتە ئاسمانییەکان دەستی پێ کردەوە.

شەوی ڕابردوو، ۲ـی تشرینی دووەم، دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا دوێنێ شەو گەشتە ئاسمانیەکان دەستی پێ کردەوە و حەفتەی چوار گەشتی هاتن و چوار گەشتی چوون لە نێوان تورکیا و سلێمانیدا ئەنجام دەدرێت.

عەتا ئەنوەر خدر، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە سلێمانی، ڕایگەیاند: "کردنەوەی هەر هێڵێک لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی شاری سلێمانی و تەنانەت کۆمپانیا و نووسینگە و بریکارە گەشتیارەکانیش دەست بەکارکردن دەکەنەوە، چونکە دوو ساڵ و نیوە بەهۆی داخستنی هێڵی تورکیش ئێرڵاین لە زەرەر و زیاندان".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بڕیارە هەفتانە چوار گەشتی هاتن و چوار گەشتی چوون لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانیی تورکیش ئێرڵاینەوە لە نێوان تورکیا و سلێمانیدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش ئاسانکارییەکی بەرچاو دەبێت بۆ گەشتیاران، نەخۆش، قوتابییان و بازرگانان کە پێشتر ناچاربوون ڕێگەی دیکە و گەشتی تڕانزێت بەکاربهێنن.

مانگی ڕابردوو لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕەجەب تەیب ئەردوغان بڕیاری دا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت و دووبارە گەشتە ئاسمانییەکان لە سلێمانییەوە بەرەو تورکیا و ئەورووپا و بە پێچەوانەوە دەست پێ بکاتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ۹ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۵، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە ئەردوغان کرد، گەمارۆکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێن و ڕەزامەندیی ئەردوغانی بۆ ئەم مەبەستە وەرگرت.

News ID 226373

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha