گفتوگۆی بەرپرسانی لوبنانی و ئیدارەی خۆسەر لەبارەی کەمپی هۆل و ڕۆژ

بەرپرسانی لوبنانی و ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا گفتوگۆیان لەبارەی میکانیزمی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە لوبنانییانە کرد کە لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژدان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە لوبنان، لەبارەی سەردانەکەوە رایگەیاند: "بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکان، گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە لوبنانییانە بوو کە لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژدان. ماوەیەکی زۆرە ئێمە داوایان لێدەکەین، بەڵام ناکۆکیی نێوخۆیی لوبنان رێگر بووە. ئێستا بڕیارێکیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ژن و منداڵەکانیان".

سەبارەت بە ژمارە و کێشەی ئەو لوبنانییانە، عەبدولسەلام ئەحمەد دەڵێت: "نزیکەی ۱۱ ژنی لوبنانی و منداڵەکانیان لە کەمپەکاندان، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە زۆربەیان ناسنامەی لوبنانییان پێ نییە. هەندێکیان دوای کوژرانی هاوژینە لوبنانییەکەیان، ژیانی هاوژینییان لەگەڵ چەکداری دیکەی بیانی پێکهێناوە، ئەمەش کێشەی بۆ ناسنامەی منداڵەکانیان دروستکردووە و رەنگە پێویستی بە پشکنینی DNA بێت".

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی لوبنان نیشاندا و گوتی: "ئێمە پێمان گوتوون کەی ئامادەبن، دەتوانن وەک شاند سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەن. دەرگامان بۆیان کراوەیە. دەتوانن راستەوخۆ بچنە کەمپەکان و لەگەڵ هاووڵاتییەکانیان قسە بکەن، ناسنامەیان پشتڕاست بکەنەوە و بیانگەڕێننەوە".

گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا تەنیا لەسەر پرسی کەمپەکان نەبووە، بەڵکو دۆخی ئەمنیی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر لوبنان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بووە. عەبدولسەلام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، "هەسەدە وەک هێزێکی کارا و جێگەی متمانە لە شەڕی دژی تیرۆردا سەیر دەکرێ" و گوتیشی، "ئامادەین لە بواری ئەمنیدا هاوکاریی یەکدی بین".

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە، بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کەمپی هۆل، ئێستا ۲۵ هەزار و ۲۴۱ کەس لە کەمپەکەدا دەژین کە دابەشبوون بەسەر ۷هەزار ۱۲۵ خێزان. ۶ هەزار و ۲۷۹ کەسیان بیانین و لە کەسوکاری چەکدارانی داعش پێکدێن.

News ID 226355

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha