ئەمجارە پرسی کورد بە سەرکەوتوویی چارەسەر دەکەین

نوعمان کورتوڵموش ڕایگەیاند ئەمجارە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا سەردەكەوێت و جارێکی دیکە لە گوند و کوێستانەکانی ئەم وڵاتە و ناوچەیە، دەنگی بۆمببارانکردن نابیستینەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوعمان کورتوڵموش، سەردانی شاری ئامەدی كوردستانی كرد و لە وتارێكدا ڕایگەیاند: "تورکیا نیوەی سەدەی ڕابردووی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بەسەر بردووە و لەو پرۆسەیەدا تورکیا لانیکەم دوو تریلیۆن دۆلاری لەدەست داوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەمانە لەدوای خۆمان جێبهێڵین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد: لە ناوخۆ و دەوروبەرمان ئاشتی و سەقامگیری زیاتر دروست دەکەین، لە ماوەکانی ڕابردوو هیوایەک دروست بووە و پێویستە هەموومان دەستی پێوە بگرین، نامانەوێت جارێکی دیکە خوێن بڕژێت و شەڕ ڕووبدات، تاوەکوو سەرکەوتنی تەواوی پرۆسەکەی کاری لەسەر دەکەین.

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا باسی لەوەش كرد، لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەی ڕابردوو لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکان ئەنجامدراون، هەموویان ئەوەیان دووپات کردوەتەوە، با منداڵەکانمان نەخەینە ژێر خاک، بەڵکوو چەک بخرێتە ژێر خاک، هەر بۆیە جارێکی دیکە لە گوند و کوێستانەکانی ئەم وڵاتە و ناوچەیە، دەنگی بومبباران کردن نابیستینەوە، بەڵکوو دەنگی برایەتی و گۆرانی برایەتی ببیستین.

کورتوڵموش ئەوەشی خستەڕوو، زمانی دایک وەک شیری دایک حەڵاڵە، زمان یەکێکە لە باشترین ئامرازەکانی گوزارشتكردنە لە خود، ڕەنگدانەوەی دابەشبوون نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی قووڵی فرەچەشنی و فرە کولتورییە، لەم وڵاتەدا لێپرسینەوە لە هیچ کەسێک ناکرێت سەبارەت بەو زمانەی خۆی دەیەوێت بەکاری بهێنێت.

ناوبراو دەشڵیت، هیچ بوارێک بۆ جیاکاری لەسەر بنەمای زمان نییە، دەزانین زمان لە دڵی مرۆڤەوە نزیکترینە، وەک دەزانن وشەی "دڵ" لە زمانی تورکیشدا بە مانای "دڵ" دێت، جیاکاری لەسەر بنەمای زمان لە لای ئێمە ئێمە بوونی نییە.

لە کۆتایی قسەکانیدا بە زمانی کوردی هۆنراویەكی خوێندەوە كە دەڵێت: "با یەکگرتوو بین، دڵ بە دڵ، دەست لە دەست،  ئاشتی لە نێوانماندا بێت". هەروەها بە دەنگ هەڵبڕینەوە دووجار لەسەر یەک دووپاتیکردەوە: "ئەمجارە ئاشتی سەردەکەوێت، ئەمجارە ئاشتی و برایەتی سەردەکەوێت".

News ID 226277

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha