بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشەممە ۰۸-۱۰-۲۰۲۵ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند: "لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت دیالۆگ بەردەوام بێت بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ۱۰ـی ئاداری ۲۰۲۵ بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. ئەم ڕێککەوتنە بۆ سەقامگیریی سووریا خاڵێکی بنەڕەتییە".
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "فەرەنسا، شانبەشانی هاوبەشەکانی، بە تەواوی ئامادەی بەشداریکردنی ئەم رێککەوتنەیە".
رێککەوتنە زارەکییەکە دوای گرژی و پێکدادانەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دێت. شەوی دووشەممە ۰۶ـی تشرینی یەکەم، هێزەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا ڕێگەی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودیان داخست، کە بووە هۆی کوژرانی کەسێکی سڤیل و برینداربوونی ۵۰ کەسی دیکە.
دوای ئەم گرژییانە، ڕۆژی سێشەممە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆ بووەوە.
پاشان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتنی زارەکی لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ و سەرتاسەری کراوە.
Your Comment