کوردپرێس: بەگوێرەی سهرچاوه ئاگادارهکان، ئەمریکا هەماهەنگی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی سووریا لە دیمەشق و شاندێکی ئیدارەی خۆسەر کە نوێنەرایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (ههسهده) دەکات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە چوار پارێزگای سووریا: حەلەب، ڕەققە، حەسەکە و دێرەزور.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە دیمەشق کۆببێتەوە، بهنێوهندگیری بەرپرسانی ئەمریکا کە پەیوەندییان بە هەردوو لایەنەوە هەیە، لە ۱۰ی ئازاردا ڕێککەوتنێک لهنێوان دیمهشق و قامیشلۆ واژۆکرا.
ئەحمەد شهرع، سەرۆکی سووریا شانبەشانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەرکەوت و ڕێککەوتنێکی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاگەیاند، هاوکات لە ڕوی دەستورییەوە مافەکانی کوردی گەرەنتی کرد، هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا بڕگەیەکی دیکەی پەیوەست بە گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەرەنگاربونەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشو و بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و دەروازە سنوورییەکان لەخۆگرتبوو.
دوو سەرچاوەی ئاگادار کە یەکێکیان نزیکە لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا و ئەوی دیکەیان لە ئیدارەی خۆسەر باسیان لهوهکردوه، شەیبانی ڕەتیکردەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد بکات، چوونکە ڕەتیکردەوە بەرپرسانی ئەمریکی بەشداری کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوولا بکەن، کە بۆ گفتوگۆکردن بو لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی ۱۰ی ئازار کە لەنێوان عەبدی و شەرع ئەنجامدرابو.
ئەوە یەکەمجار نییە دیمەشق دانوستانەکانی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر هەڵبوەشێنێتەوە، پێشتر ڕەتیدەکردەوە خولێکی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا ئەنجام بدات.
سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕایانگەیاندووە: "پاریس پابەندە بە بەردەوامی دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتدارانی ئینتقالی سووریا، فەڕەنسا پاڵپشتی پڕۆسەی دانوستانی نێوان هەردولا دەکات تا ئەو کاتەی هێزە چەکدارەکانی سووریا تێکەڵ دەکرێت، هاوکات بە دەستوری مافەکانی کورد زامن دەکات".
بەگوێرەی سەرچاوە فەڕەنسییەکان، پاریس لە ئێستادا کار لەسەر گواستنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و دیمەشق دەکات بۆ وڵاتێکی عەرەبی کە هێشتا دەستنیشان نەکراوە.
ئیدارەی خۆسەر و دیمەشق دوای ڕێککەوتنەکەی ۱۰ی (ئازار/۳)ی ئهمساڵ دەستیان بە دانوستانی کراوە کرد و هەر لایەنێک ئەوی دیکەیان تۆمەتبارکرد بە خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی.
لە کاتێکدا ئیدارەی خۆسەر پێداگری دەکات لەسەر پاراستنی پێگەی تایبەتی هێزەکانی SDF لەناو سوپای سووریادا، دیمەشق ئەو داواکارییە ڕەتدەکاتەوە، جگە لەوەش گرنگترین خاڵی ناکۆکی نێوان هەردوولا پەیوەندی بە فۆڕمی حکوومەتەوە هەیە، ئیدارەی خۆسەر داوای دەوڵەتی لامەرکەزی دەکات، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کە لە مانگی کانونی دووەمی ڕابردوودا سەرکەوتو بوون لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، پێداگری لەسەر دەوڵەتی ناوەندگەرایی دەکەن.
Your Comment