کوردپرێس: بە گوێرەی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەر بەرمێلێک نەوت ۱۶ دۆلار (بەڵام بە نەوت) دەداتە کۆمپانیاکان تاوەکوو ئەو کاتەی کۆمپانیای وود ماکێنزی خەمڵاندن بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت دەکات.
ڕێککەوتنەکە بۆ ۳۰ رۆژە و دوای ئەو ۳۰ رۆژەش خۆکارانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ درێژ دەکرێتەوە.
دەقی خاڵەکانی رێککەوتنەکە:
۱- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رۆژانە لانیکەم ۲۳۰ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەکات بۆ هەناردەکردن، هەروەها ۵۰ هەزار بەرمیل بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە.
۲- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە رێگەی ئەو بۆرییەوە کە لەلایەن کۆمپانیای بۆریی نەوتی کوردستانەوە کاری پێدەکرێت، نەوت دەگەیەیێنێتە وێستگەی پێوانەکردنی پێشابوور. حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی سەربەخۆی بارکردنی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان واژۆ کردووە.
۳- سۆمۆ خاوەندارێتیی نەوتەکە لە پێشابوورەوە تاوەکو جەیهان وەردەگرێت و تێچووی گواستنەوە، کۆگاکردن و بارکردن لە ئەستۆ دەگرێت. سۆمۆ ناچار نییە ئەو نەوتە خاوە وەربگرێت کە کوالێتییەکەی ستاندارد نییە.
۴- کۆی ژمارەی بەرمیلەکان دوای بارکردنیان لە کەشتییەکان دیاری دەکرێت. سۆمۆ دەبێت لە ماوەی ۱۰ رۆژدا دوای کۆتاییهاتنی هەر مانگێک، راپۆرتی کۆی بڕەکان بداتە هەموو لایەنەکان.
۵ - سۆمۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی باری نەوتی خاو قەرەبوو دەکاتەوە، کە لە بەندەری جەیهان لەلایەن کڕیارە دەستنیشانکراوەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتەوە باردەکرێت.
۶- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ماوەی ۱۰ رۆژ دوای وەرگرتنی راپۆرتی سۆمۆ، راپۆرتێکی کۆتایی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و سۆمۆ دەردەکات و بڕی نەوتی هەر کارپێکەرێکی کێڵگەکان دیاری دەکات.
۷- هەر ناکۆکییەک لەلایەن کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکانەوە سەبارەت بە راپۆرتی کۆتایی دروست بێت، دەبێت راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چارەسەر بکرێت، بەبێ ئەوەی دەستکاریی پارەدانی سۆمۆ بکرێت بەپێی رێککەوتنەکە.
۸- مانگێک دوای گەیشتنی نەوت بە بەندەری جەیهان، سۆمۆ دەبێت بەرمیلە نەوتەکانی فرۆشیاران دابین بکات و رادەستیان بکات.
۹- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەبێت ۲۵ رۆژ پێش دەستپێکی هەر مانگێک کە بڕیارە نەوتی تێدا رادەستی جەیهان بکرێت، خەمڵاندنێک بۆ ئەو بڕە نەوتە پێشکێش بکات، کە لەلایەن فرۆشیارانەوە باردەکرێت.
۱۰- ژمارەی ئەو بەرمیلانەی کە دەدرێتە کۆمپانیاکان وەکو قەرەبوو = ژمارەی ئەو بەرمیلانەی لە مانگی پێشوودا لە جەیهان رادەستکراون × ۱۶ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ÷ نرخی پێشوەختەی هەناردەکردن (بەپێی تێکڕای نرخی خەمڵێندراوی نەوتی کەرکووک لەلایەن کۆمپانیای پلاتس).
[ئەم هاوکێشەیە هاوشێوەی پرۆسەیەکە بۆ دیاریکردنی بڕی ئەو نەوتەی کە دەتوانرێت بفرۆشرێت یان دابین بکرێت لە مانگێکی نوێدا، بە پشتبەستن بەو بڕە نەوتەی کە لە مانگی پێشوودا هەناردەکراوە و نرخی دیاریکراو بۆ هەر بەرمیلێک لەگەڵ نرخی بازاڕی جیهانی بۆ نەوتی کەرکووک.]
۱۱- ئەگەر بڕی نەوتەکە زیاتر یان کەمتر بوو لەو بڕەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەهۆی گۆڕانی نرخیشەوە بێت، جیاوازییەکە لەگەڵ بڕەکانی داهاتوودا هاوسەنگ دەکرێتەوە.
۱۲- قەرەبووکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان/کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان تەنیا بە "بەرمیلە کاتییەکانی فرۆشیار" دەبێت تاوەکو دەستنیشانکردنی تێچووی دەرهێنان لەلایەن "وود ماکێنزی"یەوە تەواو دەکرێت.
۱۳- سۆمۆ دەبێت دەستبەجێ دوای دەرچوونی راپۆرتەکەی وود ماکێنزی، بڕی ۱۶ دۆلارەکە بۆ هەر بەرمیلێک بە شێوەیەکی پاشەکی بۆ هەر کارپێکەرێک رێکدەخاتەوە، کە دەبێتە هۆی پارەدانی زیاتر یان لێدەرکردن.
۱۴- پارەدانی زیادە دەبێت لەلایەن سۆمۆوە لە ماوەی سێ مانگدا دوای راپۆرتی کۆتایی بە شێوەی باری نەوت بدرێت. میکانیزمی لێدەرکردنەکە لەلایەن وود ماکێنزییەوە دیاری دەکرێت و هەموو لایەنەکان لەسەری رێکدەکەون.
۱۵- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان/کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان بەڵێن دەدەن هاوئاهەنگی لەگەڵ وود ماکێنزی بکەن لە جێبەجێکردنی کارەکەیدا.
۱۶- رێککەوتنەکە بەپێی یاسای عێراقییە. هەر ناکۆکییەک دروست بێت، دەبێت لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بە شێوەیەکی دۆستانە چارەسەر بکرێت.
۱۷- ئەگەر لە ماوەی ۲ مانگدا چارەسەر نەکرا، دەتواندرێت پەنا ببرێتە بەر ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی.
۱۸- هیچ ماف و ئەرکێکی سەروەری لە ئارادا نییە. هەموو لایەنەکان واز لە پارێزبەندی دژی رێکاری یاسایی یان بڕیاری دادگا دەهێنن، بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ناوبژیوانیشەوە.
۱۹- رێککەوتنەکە بۆ ماوەی ۳۰ رۆژ لە کاتی واژۆکردنیەوە کاری پێدەکرێت. بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تاوەکو ۳۱ی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۵ درێژ دەکرێتەوە. لایەنەکان دەتوانن رێکبکەون لەسەر درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بۆ کاتێکی زیاتر یان پێشوەختە کۆتایی پێبهێنن.
۲۰- کۆتاییپێهێنان/بەسەرچوونی رێککەوتنەکە کاریگەریی لەسەر ماف و ئەرکەکانی هیچ لایەنێک نابێت. ئەرکەکانی سۆمۆ دوای کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکەش بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو شایستە داراییەکان دەدرێن.
Your Comment