بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەم پارتی لە ئیزمیر، لە چوارچێوەی "کۆبوونەوەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا لە ناوەندی کۆنگرەی تەپەکولە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی ئەنجام دا کە جگە لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانیش بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
تولای حاتەم ئوغللاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی مێژوویی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ئۆجەلان و مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانی پەکەکە.
تولای حاتەم ئوغللاری ئاماژەی بەوەدا کە بابەتی ئاشتییان لەگەڵ زۆر کەس لە تورکیا گفتوگۆ کردووە و وتی: "ئاشتی لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەش ناکرێت، کەس لە خۆیەوە نایەت و ناڵێت 'وەرن با ئاشتی بکەین'، ئەگەر ئەم دەوڵەتە، بەهۆی پێشهاتەکانی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی سووریاوە، لە چارەسەری پرسی کورددا گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بکات، ئەگەر لایەنێکی دیکەی ئەم شەڕ و پێکدادانە پەکەکە بێت، ئەگەر گەلی کورد بێت، دەبێت لەسەر مێز دابنیشن و قسە بکەن، ئێمە لەگەڵ هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا، بۆ کردنەوەی ڕێگەی دیموکراتیزەکردن، بۆ چارەسەری پرسی کورد بە ڕێبازی ئاشتیانە و دیموکراتیک، چۆن دەتوانین پێکەوە زۆرترین بەشداریمان هەبێت، چۆن دەتوانین ئاشتی بکەینە بکەینە بابەتی ڕای گشتی، ئەمەمان بە شێوەیەکی جددی و قووڵ گفتوگۆ کردووە".
عەبدوڵڵا ئۆجالان دانوستانکاری سەرەکییە
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کۆمیسیۆنی پەرلەمان بەپەلە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیدار بکات و جەختی کردەوە: "بەرێز ئۆجالان تەنها بەردەنگی ئەم پرۆسەیە نییە، بەرێز ئۆجالان دانوستانکاری سەرەکی ئەم پرۆسەیەیە. ئێمە لێرەوە جارێکی دیکە دەڵێین کە پێویستە ئەم کۆمیسیۆنە بە شێوەیەکی بەپەلە دیداری لەگەڵدا بکات".
تولای حاتەم ئوغللاری ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە لە پرۆسەی ئاشتیدا بنرێن، بەم شێوەیە ڕیزبەندی کردن:
- بۆ کردنەوەی ڕێگە بۆ بەشداریی ئەندامانی پەکەکە لە سیاسەتی دیموکراتیکدا، پێویستە یاسایەکی تایبەت دەرچوێندرێت
- پێویستە یاسای جێبەجێ کردن کە ئازادیی زیندانیانی سیاسی مسۆگەر بکات، بخرێتە ڕۆژەڤەوە.
- یاسای ئیدارە خۆجێییەکان بە شێوەیەکی دیموکراتیک ڕێکبخرێتەوە و کۆتایی بە سەپاندنی قەیوم بهێنرێت.
Your Comment