بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای فەرمیی تورکیا بڵاوی کردەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت ۲۰۲۵ بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، سەردانی دیمەشقی کرد و تەوەری گفتوگۆکانی کاڵن و ئەحمەد شەرع لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار، پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و پرسە ئەمنییە هەرێمییەکان بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای ئاماژەدان بە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاک، سەروەری و سەقامگیریی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی سووریا، جەخت لەوە کرایەوە تورکیا هەمیشە لە پاڵ سووریا دەبێت.
لە دیدارەکەدا هەروەها ئاماژە بە خەباتی سووریا دژ بە هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی سووریا دراوە و راگەیێندراوە، کە تورکیا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی دیمەشق دژ بەو هەڕەشانە.
لە دیداری نێوان کاڵن و شەرع باس لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە داعش کرا. هاوکات پەرەپێدانی بە سیستمی دامەزراوەیی حکوومەتی سووریا، ئاسایشی سنوورەکان و دەروازە سنوورییەکان، باشترکردنی دۆخی دارایی و گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەکانی سووریایی و پاراستنی ئاسایشیان قسەیان لەبارەوە کرا.
رۆژی ۱۶ـی ئەیلوولی ۲۰۲۵، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای گەڕانەوەی لە قەتەر کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی نائاسایی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی سەردانی کردبوو، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئێستا لە سووریا دۆخێکی ئاڵۆز هەیە کە دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی و دینامیکە نێوخۆییەکان تێکەڵ بوون".
هەروەها گوتی، "بە دڵنیاییەوە ناتوانین سووریا بە تەنیا جێبهێڵین. هەر بۆیەش هاوکارە پەیوەندیدارەکانم و لە پێش هەموویانەوە وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، لە دیالۆگێکی چڕدان لەگەڵ سووریا".
Your Comment