هەرێمی کوردستان نەوت دەفرۆشێت و پابەندی ڕێککەوتنەکان نییە

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی باپیری سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کردووە و نامەیێکی پێداوە، لەنامەکەدا دەڵێت: "هەرێم نەوت دەفرۆشێت و داهاتی نانەوتیش کۆ دەکاتەوە تاکوو ئێستا چەندین ڕێکەوتن کراوە و پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنەکانەوە".

دەقی نامەکە:

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق

محەمەد شياع سوودانی

سڵاوی خواتان لەسەر بێت

وەک نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان ئەمە دوا نوسراومە بۆ بەڕێزتان، نە خۆم کاندید کردۆتەوە تاکو لەنزیکی هەڵبژاردن دا بە موزایەدەی تێ بگەن نە لەم سێ ساڵەی تەمەنی حکوومەتەکەی بەڕێزتان داوایەکی کەسیم لێتان هەبووە.

ئەمڕۆ کە ١/٩/٢٠٢٥ فەرمانبەران و خانەنشینان و کەم ئەندامانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ نێردراوە هێشتا دابەش نەکراوە بەسەریاندا، دەزانین کە لە کابینەکەی بەڕێزتان زۆرترین پارەی مووچە بۆ هەرێم هاتووە، کێشەکان بۆ ئێوە ماوەتەوە بەچارەسەر نەکراوی، هەرێم نەوت دەفرۆشێ و داهاتی نانەوتیش کۆ دەکاتەوە تاکوو ئێستا چەندین ڕێکەوتن کراوەو پابەندنەبوون بەڕێکەوتنەکانەوە وایکردووە هەموو مانگێک مووچە دوابکەوێ و شاند بێت و بەبێ ئەنجام بڕواتەوە.

پرسیاری خەڵکی کوردستان لەبەڕێزتان ئەوەیە ئایا گوناحی ئەوان چیە کە دەوامی خۆیان دەکەن و مووچەیان پێ نادرێت، بەڵام ئەوەی نەوت بەنایاسایی دەفرۆشێ و داهات ڕادەست ناکات بەپێی یاسای بوجەو بڕیاری دادگای فیدرڵی بۆچی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە ناگیرێتە بەر ؟ تەنها مووچەی خەڵکی هەرێم ڕادەگیرێ و نانێردرێت!

جەنابی سەرۆک وەزیران،

هەرێمی کوردستان لەبەردەم دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندنە، نەخۆشخانەکانی بێ دەرمانە، کاسبکارو خاوەن دوکان و هەموو چین و توێژەکان لە دۆخێکی دارایی خراپدان، جوتیارانمان گەنمیان تەسلیم کردووەو پارەکەیان پێ نەدراوە.

بەهۆی کێشەی دەروازە سنوورییەکان و دانانی بازگەی حکوومەتی عێراق خاوەن کارگەو کێڵگەی پەلەوەری ناوخۆی هەرێم نزیکن لە ئیفلاس.

١١ ساڵە لە هەرێم دامەزراندن نەکراوە بۆ دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان و سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان، گرێبەستمان هەیە ٢٠ ساڵە نەکراوە بەهەمیشەیی، مامۆستای وانەبێژمان لەسەر داهاتی ناوخۆ کراوەتە گرێبەست.

بە پشتبەستن بەوانەی سەرەوە داوا لە حکوومەتەکەت دەکەم ئەم کارانەی خوارەوە بکات:

۱.  سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆنترۆڵ و فرۆشتنی نەوت و داهاتی شیاو دەکەن.

۲.  ڕانەگرتنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان.

۳.  بڕیاردانی کۆتایی و چارەنووسساز کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی کوردستان بکات و کارکردن بۆ جیاکردنەوەی پرسی مووچە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت.

هەرێمی کوردستان نەوت دەفرۆشێت و پابەندی ڕێککەوتنەکان نییە

News ID 226031

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha