کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکگرتن، سێ چەمکی سەرەکیی پڕۆسەی ئاشتین

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ناوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی ۲۹ ـی ئابی ۲۰۲۵ بڵاو کراوەتەوە هاتووە، ئۆجەلان گوتوویەتی: "کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکگرتن، سێ چەمکی سەرەکیی ئەم پرۆسەیەن."

شاندەکە دەڵێ: "ڕۆژی ۲۸ی ئابی ۲۰۲۵، لە ئیمراڵی بۆ ماوەی سێ کاژێر لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆبووینەوە. بەڕێز ئۆجەلان تەندروستی و ورەی زۆر بەرز بوو".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا ئۆجەلان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ ئەو قۆناخانە کرد کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێیدا تێپەڕیوە و ئەو خاڵەی پێیگەیشتووە. ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کێشەیەی ئێمە پێیدا تێدەپەڕین، وەکو شێرپەنجە وایە، کە پێویستی بە نەشتەرگەرییەکی تایبەت هەیە".

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، ئۆجەلان رایگەیاندووە، بەو هەستیارییەوە پرۆسەکەیان بەڕێوەبردووە و گەیاندوویانەتە ئەمڕۆ. هەروەها گوتوویەتی، 'ئامانجمان ئەوە بوو کە هەموو توانای خۆمان بەکاربهێنین بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەیەکی پڕ لە ئازار".

ئاماژەی بەوەشداوە، کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکگرتن سێ چەمکی سەرەکیی ئەم پرۆسەیەن و لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت بگاتە ئەنجام. بۆ ئەم مەبەستەش جەختی لە پێویستیی قۆناخێکی نوێ کردووەتەوە، کە تێیدا بەپەلە هەنگاو لە هەموو ئاستەکاندا بنرێت.

ئۆجەلان رایگەیاندووە هەڵبژاردەی ئەو هەمیشە یەکگرتنێک بووە لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک؛ هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، تێگەیشتن و خاوەندارێتییکردن لەم هەنگاوە ستراتیژییە، دەستکەوتی بۆ هەموومان و تەواوی تورکیا دەبێت.

شاندەکە دەڵێت: ئاشکرایە مامەڵەکردنی بەشێک لە بازنەکانی سیاسەت و راگەیاندن لەگەڵ ئەم هەڵبژاردەیە بە شێوازەکانی وەکو سادەکردنەوە یان نادیدەگرتن، زیان بەم پرۆسەیە دەگەیێنێت. سەرباری ئەوە، ئۆجەلان جارێکی دیکە باوەڕی گەورەی خۆی بە دۆستایەتیی هەمیشەیی و ئاشتی لە نێوان گەلاندا دووپات کردەوە.

شایانی باسە شاندەکەی دەم پارتی پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها و پارێزەر فایق ئۆزگور ئەرۆڵ، دوێنێ سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد لەگەڵ ئۆجەلان کۆ بوونەوە.

 

News ID 225997

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha