بهگوێرهی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامهی شهرق ئهلئهوسهت، چەقبەستوویێک گەڕاوەتەوە بۆ دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەوەش دوای بڕیارێکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل هات بۆ دواخستنی دەنگدان لە پارێزگاکانی حەسەکە و ڕەققە، كه چهندین ساڵه له ژێر كۆنتڕۆڵی هێزهكانی سووریای دیموكرات (ههسهده)یه.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل بڕیاری دواخستنی ههڵبژاردنی له حەسەکە و ڕەققە بۆ تەحەددای ئەمنی و سیاسی ئەو ناوچانە گەڕاندەوە، بهڵام سەرکردەکانی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە دوورخستنەوەیان لە پڕۆسەی سیاسی و پرۆسەی هەڵبژاردنیان بە پاشەکشە لە پڕۆسەی دانوستان و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم ناوبرد.
هەوڵەکان لەلایەن لایەنە جیاجیاکان لەوانه ویلایهته یهكگرتووهكانی ئەمریکا بۆ شکاندنی بنبەستەی گفتوگۆکانی نێوان کورد و حکوومەتی دیمەشق دەدرێن، ئەوەش لە کاتێکدا هەواڵەکان باس لە ڕێکخستن بۆ ئەگەری کۆبوونەوەیێکی نوێی ئاستی باڵای نێوان هەردوولا دەکرێت.
سەرچاوە کوردییەکان ڕایانگەیاند، دوو ڕۆژ لهمهوبهر شاندێکی کوردی لە عەممان لەگەڵ سیناتۆری ئەمریکا جین شاهین، نوێنەری ئەمریکا جۆ ویلسۆن و تۆم باراک نێردەی تایبەتی سووریا کۆ بوەوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، له گفتوگۆکان باسیان لە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی سووریا و خواستی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە کردووە بۆ ئەوەی لە فەڕەنسا بە بەشداری نێودەوڵەتی و گەرەنتی بەڕێوەیان ببات.
ئەو سەرچاوانە دهڵێن، شاندی کورد لە میانی کۆبوونەوەکەدا گوێیان لە ئەمریکییەکان بووە كه پشتیوانی لە هەوڵەکانی هەسەدە كردووه لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا.
بەدران چیا کورد، جێگری سەرۆکی ئیدارەی خۆسەر بۆ کاروباری دەرەوە، پێیوایە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە شێوەیەکی تاکلایەنە، بەبێ بەشداری پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی و قۆناغی ئینتقالیدا، هەڵبژاردنی یاسادانان بەڕێوەدەبەن.
ناوبراو بە شهرق ئەلئەوسەتی وتووه: "ئەو هەنگاوە تاکلایەنانە ناتەواون و بنەمایەکی دەستوری یان شەرعیەتی نیشتمانییان نییە، بە لەبەرچاوگرتنی بەشدارینەکردنی پێکهاتەکانی سووریا لە دامەزراندنی دامەزراوە سەروەرییەکانی دەوڵەتدا".
ناوبراو ڕەخنەی لە وەسف کردنی ئەو ناوچانە گرت کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە کۆنتڕۆڵ کراون و ڕایگەیاند، ئەو هەڵسەنگاندنە سەربازییە نەک سیاسی، دەسەڵاتدارانی دیمەشق "هەموو ناوچەیەکی جوگرافی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزە سەربازییەکانیدا نییە بە نائەمن دەزانن، ئەوەش چەمکێکی تەسکی سەربازی-ئەمنییە، ئەم بانگهشهیه لەسەر بنەمای واقیع نییە".
لایخۆیەوە توێژەر و نووسەر ئوسامە شێخ عەلی، لە سەنتەری عومران بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی، ڕونیكردهوه، هەڵوێستی دیمەشق تەواو جیاوازە لە پێشنیارەکانی "ئیدارەی خۆسەر"، حکوومەتی سووریا پابەندە بە تێکەڵ کردنی هێزەکانی هێزەکانی ههسهده لەناو دەوڵەتدا لەژێر کۆمەڵێک بنەمادا.
ناوبراو ئهوهشی خستهڕوو، حکوومەت پێی باشترە شەڕڤانان وەک تاک لەناو سوپا و وەزارەتی ناوخۆ یەکبخات، نەک وەک یەک قەوارە، ئەمەش "دوای چەکداماڵینی چەکی مامناوەند و قورس و خستنە ژێر پرۆسەی پشکنین و چاکسازیی وەرگیراوەکان" ئەنجام دەدرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە "دیمەشق لامەرکەزی سەربازی و دوانەیی دامەزراوەیی ڕەت دەکاتەوە، هەروەها پشتیوانی لە مافە مەدەنی و کولتورییە مسۆگەرکراوەکان دەکات بۆ هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی هاوڵاتیبوندا، لە بەرامبەردا کۆنتڕۆڵی تەواوی سەروەری بەسەر سنوورەکان و سەرچاوەکان و فڕۆکەخانەکان و پێکهاتەی سەربازیدا".
سەرچاوە: خەندان
Your Comment