بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە دیدارەکەدا کە گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لە بارەیی دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت ئاڵوگۆڕ کران و پاڵپشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی کە بەپێی یاسا و دەستور ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ئەنجامداوە دووپاتکرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێت و مووچەی هاووڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی.
لەلایەکی دیکەوە وێڕای جەختکردنەوە لە بەهێزترکردنی پەیوەندی دوو لایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بارودۆخی سووریا و پێشوەچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیی هەنگاوە ئەرێنییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
Your Comment