ئەنقەرە و هەولێر و بەغدا لەسەر چۆڵ کردنی کەمپی مەخموور ڕێککەوتوون

میدل ئیست ئای لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، میکانیزمێک لە نێوان عێراق، تورکیا و هەرێمی کوردستان بۆ چۆڵکردنی کەمپی مەخموور دانراوە، دەشڵێت، چۆڵکردنی کەمپەکە یەکێکە لە ئامانجەکانی پرۆسەی چارەسەری.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوە خۆجێییەکان بە میدل ئیست ئای-یان وتووە: لە عێراق میکانیزمێکی سێقۆڵی دانراوە کە لە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)، حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکدێت. ئەو میکانیزمە ئامادەکاری دەستیپێکردووە بۆ چۆڵ کردنی کەمپی مەخموور، کە لە ساڵی ۱۹۹۸ بۆ پەنابەرانی کوردی کوردستانی تورکیا دروست کراوە.

میدل ئیست ئای هەروەها باسی لەوەش کردووە، ئامانجی تورکیا لە پرۆسەی چارەسەریدا ''چۆڵکردنی کەمپی مەخموور و چەکدانانی پەکەکەیە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە''.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، میدیای نزیک لە پەکەکە ڕۆژی ۸ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پەیامێکی بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور ناردووە و تێیدا پێیگوتوون، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری ''دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان''.

کەمپی مەخموور لە ساڵی ۱۹۹۸ لە بناری چیای قەرەچووخ لە ڕۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی کوردستانی تورکیا دروست کرا. کەمپەکە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای مەخموورە لە پارێزگای نەینەوا.

News ID 225904

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha