ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بارزانی و سیسی بڵاو کرایەوە

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر کۆ بووەوە.

کوردپرێس: بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی میسر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نیشانداوە و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردوەتەوە.

وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، مەسروور بارزانی ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کرايه‌وه‌.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن ئەحمەد فوئاد هنو، وەزیری ڕۆشنبیریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسرەوە پێشوازیی لێکرا.

News ID 226642

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha