۱۱ ساڵ لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، سەر بە پارێزگای مووسڵی عێراق تێدەپەڕێت؛ هێرشەکە لە ۳ی ئابی ۲٠۱٤ دەستیپێکرد و لە مێژووی ئێزدییەکان بە ناوی هەفتاد و چوارەمین فەرمانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان ناسراوە. بنەماڵەی خەلف یەکێک لەو بنەماڵانن کە لەو ماوەیەدا لەسەر دەستی داعش بەدیل گیران.
لە هێرشێکدا بۆ سەر گوندی قاپووسی لە ناوچەی تەل عەزر ۷ ئەندامی ئەم بنەماڵە کە بریتی بوون لە باوک و دایک و پێنج منداڵەکەیان ڕفێندران.
بەرزان خەلف کە لە کاتی ئەسیرر بووندا تەنیا ۱۱ ساڵ تەمەنی بوو و برا بچووکەکەشی تەمەنی ۷ساڵان بوو، دوای چوار ساڵ دیلێتی توانیان لەدەستی داعش ڕزگار بن.
بەڵام دایک و بابیان بە ناوەکانی کینە و عەیدو خەلف و سێ خوشک و برایێکیان تا ئەمڕۆش بێسەرۆشوێنن.
بەرزان ئێستا تەمەنی۲۱ ساڵە، لە گفتگۆیەکدا لەگەڵ زەینەب دورگوت پەیامنێری کوردی خەڵکی شەرناخ لە مزوپوتامیا ڕۆژەکانی دیلبوون بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: «مانگێک لە ناو دارەکاندا خۆمان شاردەوە بەڵام دەستگیر کراین. ئێمەیان بردە کۆڵان و قوتابخانەکانی پڕ لە تەرم. لە مووسڵ و تەل عەفر ناچاریان کردین بە زمانی عەرەبی قسە بکەین. کاتێک ڕەتمکردەوە مۆسڵمان بم، دەستیان بڕیم. هێشتا برینی قاچم چاک نەبووەتەوە و بە یەک دەستەوە دەژیم. چوار ساڵ منداڵ نەبووم؛ منداڵیم هەر لەوێش کۆتایی هات».
فارس خەلف کە ئێستا ئێستا ۱۸ ساڵیەتی، دەڵێت چەندین ساڵ لە ترسی گیانی ناسنامەی ئێزدیی خۆی شاردووەتەوە، ئەو دەشڵێت: «لە مووسڵ و پاشان لە سووریا ناچاریان کردین بۆ فێری شەڕ و ئایینی ڕادیکاڵ ببین. پێنج ساڵ زمانی دایکیم لەبیرچوو. لە هەر شەقام و کۆڵانێکدا تەرمی بێگیان و دەست و قاچی بڕاومان دەبینی. کاتێ هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕزگاریان کردین، هێشتا نەمەوێرا بڵێم ئێزدیم».
بەرزان و فارس دوای ئازاد کردنیان گەڕانەوە بۆ شنگال، بەڵام بیرەوەرییەکانی سەردەمی دیلێتی و دابڕان لە خێزانەکەیان، بۆ هەمیشە ژیانیانی گۆڕیوە. پێنج ئەندامی دیکەی ئەم بنەماڵەیە هێشتا لە ڕیزی ئەو هەزارن ئێزدییەدان کە هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
Your Comment