کوردپرێس: بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی میسر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نیشانداوە و ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردوەتەوە.
وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، مەسروور بارزانی ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە کۆبوونەوەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کرايهوه.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن ئەحمەد فوئاد هنو، وەزیری ڕۆشنبیریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسرەوە پێشوازیی لێکرا.
Your Comment