دوو ڕەشنووسی جیاوازی حکوومەتی هەرێم و عێراق بۆ چارەسەر کردنی کێشەی مووچە و بوودجە

هەریەک لە حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بوودجە دوو پرۆژە پێشنیاز و ڕەشنووسیان ئامادەکرد و خستە بەردەم یەکدی.

کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا لیژنەیێک لە ۵ وەزیر پێکبهێنێت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە، دوای ئەوە ئەنجوومەنەکە گفتوگۆی لەسەر دوو پێشنیازنامە کرد. یەکێک لەو پێشنیازانە لەلایەن لایەنە فیدراڵییەکان و ئەوی دیکەیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکێش کرابوو.

ئەمەش دەقی هەردوو پێشنیازەکەیە:

ڕەشنووسی رێککەوتن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە

یەکەم: ڕادەست کردنی نەوت

ئەلف: قۆناخی یەکەم:

۱ – ڕادەست کردنی نەوت: پێشنیازی یەکەم: (لە ئەگەری بەشداریکردنی کۆمپانیاکان)

دەستبەجێ دەستبکرێت بە ڕادەست کردنی نەوتی بەرهەمهێندراو لە هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ  هەناردەکردن (لە کاتی رێککەوتن لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بوودجەی فیدراڵی لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان)، جگە لە بڕی بەکاربردنی نێوخۆیی (روونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا ۲۸۲ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا و ۶۵ هەزار بەرمیلی لێ دەردەکرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی، ئەوەش لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانەکردن و پێوەرەکانەوە).

پێشنیازی دووەم: (لە کاتی بەشداری نەکردنی کۆمپانیاکان)

دەستبەجێ دەستبکرێت بە ڕادەست کردنی ئەو بڕە بەردەستەی کە تێکڕا بە ۱۰۰ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت لەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت، بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن (تاوەکو رێککەوتن دەکرێت لەسەر چوارچێوەی کاری لایەنی راوێژکاریی تەکنیکی بەگوێرەی یاسای هەموارکردنی بوودجەی فیدراڵی لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان).

۲ - بەکاربردنی نێوخۆیی نەوت: بەکاربردنی نێوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمی کوردستانە (بەڕێوەبردن، دابەشکردن و پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ ۶۵ هەزار بەرمیلی رۆژانە).

دووەم: داهاتی نانەوتی

۱. هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ڕادەست کردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی، بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی (۵۰%)ی داهاتی گومرگ و باجی دەرامەت.

۲.  پاکتاوکردنی دارایی لەنێوان پشکی گەنجینەی فیدراڵی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لای حکوومەتی فیدراڵی (لەتەرخانکراوەکانی خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان) و دانەوەی پابەندییە داراییەکانی دیکە (کڕینی گازی سرووشتی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا) دەکرێت.

سێیەم: خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان

 پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست بە خەرجکردنەوەی مووچەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ۲۰۲۵ و مانگەکانی دواتر، تاوەکو پەسندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی داهاتوو و لەژێر رۆشنایی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی ژمارە (۲۲۴/ و یەکخراوەکەی ۲۶۹/ فیدراڵی/ ۲۰۲۳) کە بڕیاری داوە ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردسیتان لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکی بۆ خەرجنەکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی و پێویستیی بەدیهێنانی یەکسانیی کردەیی لەنێوان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانیان لای حکوومەتی فیدراڵی هێنایە ئاراوە، لە رووی بڕی مووچە و کاتەکانی وەرگرتنییەوە. 

ڕەشنووسی حکوومەتی فیدراڵی

یەکەم: ڕادەست کردنی نەوت

ئەلیف- قۆناخی یەکەم:۱. ڕادەست کردنی نەوت: دەستبەجێ دەستبکرێت بە ڕادەست کردنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت (لەگەڵ هەر زیادبوونێکی داهاتوو لە بەرهەمهێناندا) لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم، بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەکردن و داهاتەکانیشی بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵی بەگوێرەی یاسا (۱). جگە لە بڕی بەکاربردنی ناوخۆیی(۲)، واتە، دەستبەجێ ڕادەست کردنی ۲۳۶ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە (روونکردنەوە: بەرهەمی ئێستا ۲۸۲ هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا (۳) و ۴۶ هەزار(۴) بەرمیلی لێ دەردەکرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆ و بەگوێرەی راپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی لە هەرێم) ئەوەش لە رێگەی لیژنەی هاوبەشی پێوانە و پێوەرەکانەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی ڕادەست کردنی تەواوی ئەو بڕە (۲۳۶ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا) و پابەندکردنی کۆمپانیا کاراکانی هەرێمی کوردستان بەمە، لە ئەستۆ دەگرێت.

۲. بەکاربردنی نێوخۆیی نەوت: لەم قۆناخەدا بەکاربردنی نێوخۆیی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی هەرێمدایە (بەڕێوەبردن و دابەشکردن و پێدانی بڕی ۱۶ دۆلار (۵) بۆ هەر بەرمیلێک بە کۆمپانیاکان لە بەرامبەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە)، تاوەکو قۆناخی دووەم (کە لە خوارەوە باسکراوە) تەواو دەبێت. بە مەرجێک داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان (بۆ ئەو پاڵاوگانەی نەوتی خاو بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێم وەردەگرن کە لە سەرەوە باسکرا) بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی فیدراڵی، دوای داشکاندنی تێچووەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن.

ب- قۆناخی دووەم (دەستبەجێ و هاوتەریب لەگەڵ قۆناخی یەکەم دەستپێدەکات و ماوەی ۳۰ رۆژ دەخایەنێت)

هەژمارکردنی بڕی پێویستیی نێوخۆیی لە رێگەی هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە دەبێت، بۆ شیکردنەوەی پێداویستیی راستەقینەی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ ئەو بەرهەمە نەوتییانەی کە پێویستە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە دابین بکرێ، بەپێی مۆدێلی ئابووری و تەکنیکیی وەزارەت، یان بەگوێرەی ئەوەی لەگەڵ دۆخی ئێستای هەرێم و یاسادا دێتەوە.

مادەی (۱۲ / دووەم / أ)ی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (۱۳)ی ساڵی ۲۰۲۳ی هەموارکراو، دەڵێت: (حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ بارکردنی نەوتی خامی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێم بۆ کۆگاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهانی تورکیا، بە بڕێک کە لە (۴۰۰) چوارسەد هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمتر نەبێت..).

حکوومەتی فیدراڵی پێشنیازی کردووە کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێم هەناردە بکرێت و لە بەرامبەردا وەزارەتی نەوتی فیدراڵی پێداویستیی هاووڵاتییانی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات. بەڵام حکوومەتی هەرێم لەسەر پێشنیازەکە رازی نەبووە و لێکۆڵینەوەی لە دابەشکردنی سووتەمەنی لەلایەن کۆمپانیایەکی هەرێمەوە کردووە لە ماوەی مانگێکدا (لە قۆناخی دووەمی ئەم پێشنیازنامەیەدا).

بەگوێرەی کۆبوونەوە فەرمییەکان لەگەڵ هەرێم، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردەوە کە کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا دەگاتە ۲۸۲ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بەشێوەیەکی قۆناخبەند بە رێژەی ۳۰-۴۰ هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەکرێت تاوەکو دەگاتە بڕی ۴۰۰ هەزار بەرمیلی رۆژانە کە لە یاسای بوودجەدا هاتووە.

بەگوێرەی ئەو بڕانەی لە راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی بۆ ساڵانی ۲۰۲۳ و ۲۰۲۴ هاتووە و بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم.

یەکسان بەو سولفە کاتیەی کە لە یاسای هەموارکراوی ژمارە (۴)ی ساڵی ۲۰۲۵ی یاسای بوودجەی گشتیدا هاتووە.

دووەم: ڕادەست کردنی داهاتی نانەوتی بە بڕێک کە مانگانە لە ۲۰۰ ملیار دینار کەمتر نەبێت (بەگوێرەی پێداچوونەوەی بوودجە، کۆی داهاتی نانەوتی دەگاتە ۴.۷ ترلیۆن دیناری ساڵانە).

سێیەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی بەجێکردنی مووچەی هەرێم بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و لە ماوەیەکدا کە لە (۹۰) رۆژ تێپەڕ نەکات و پارەدارکردنەکە لە کۆتایی ماوە دیاریکراوەکەدا تەنیا بۆ مووچە بە جێکراوەکان دەبێت.

چوارەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی و تەکنیکیی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم، بە پشتبەستن بە (مادەی ۱۳/حەوتەم)ی یاسای هەموارکراوی بوودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە ۱۳ی ساڵی ۲۰۲۳، بۆ ئامادەکردنی توێژینەوەیەکی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تێپەڕکردنی پشکی هەرێم لە بوودجە لەسەر بنەمای خەرجیی راستەقینە⁹و توێژینەوە یاساییەکە بە کۆنووسێک لە ماوەی دوو هەفتەدا پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەکرێت.

پێنجەم: وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەستدەکات بە پارەدارکردنی مووچەی هەرێم دوای جێبەجێ کردنی بڕگەکانی (یەکەم/قۆناخی یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم) لەلایەن هەرێمەوە و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی.

ڕوونکردنەوە: ڕاپۆرتی جێبەجێ کردنی رێککەوتنی سەرەوە لە نزیکترین دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیدا دەخرێتەڕوو، دوای بەدیهێنانی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

۱-وەرگرتنی ڕەزامەندیی فەرمیی هەرێم لەسەر بەندەکانی ئەم رێککەوتنە و دیاریکردنی ناوی ئەندامانی لیژنە هاوبەشەکانی سەرەوە.

۲- ڕادەست کردنی نەوت بەگوێرەی ئەو بڕانەی لە بڕگەی (یەکەم)دا باسکراون، لەسەر بنەمای راپۆرتێکی هاوبەش لە کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیای نەوتی باکوور.

۳. ڕادەست کردنی داهاتی نانەوتی بەگوێرەی بڕە شایستەکان کە لە بڕگەی (دووەم)دا باسکراون (یان ئەنجامدانی مەقاسە(پاکتاوی دارایی) بە بەهاکەیان لە پارەدارکردنی مووچە).

۴. دیاری کردنی ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکرد(تەوتین) بەپێی بڕگەی (سێیەم).

۵. دیاریکردنی ئەندامانی لیژنەی یاسایی و تەکنیکی و بەرزکردنەوەی راسپاردەکانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی بڕگەی (چوارەم).

۶. راستەوخۆ دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بە پەسندکردنی راپۆرتی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، مووچەکان خەرج دەکرێن.

پەڕاوێزەکان:

دەقی مادەی (۱۲ / دووەم / د)ی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە (۱۳)ی ساڵی ۲۰۲۳ی هەموارکراو (حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕادەست کردنی داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت و بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی وردبینیی ئەو داهاتانە دەکات).

بەگوێرەی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی، کۆی داهاتی نانەوتی حکوومەتی هەرێم نزیکەی ۴.۷ ترلیۆن دینارە بۆ هەریەک لە ساڵانی ۲۰۲۳ و ۲۰۲۴.

بڕیاری دادگەی فیدراڵی ژمارە (۲۲۴ / و یەکخراوەکەی ۲۶۹ / فیدراڵی / ۲۰۲۳)، بڕگەی یەکەم.

بەگوێرەی یاسای بوودجەی هەموارکراو و بڕیاری دادگای فیدراڵی، بە روونکردنەوەی ئەوەی کە هەموو ناوچەکانی عێراق ملکەچی پێوەری (خەرجیی راستەقینە)ن. لە کاتی هەژمارکردنی پشکەکان لە بوودجەی گشتیدا، خەرجییە سیادییەکان دوور دەخرێنەوە کە هەموو عێراقییەکان لێی سوودمەندن (وەک سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، وەزارەتی دەرەوە، هتد)، پاشان بڕی ماوە دابەش دەکرێت بەسەر وەزارەت و لایەنە ناسەروەرییەکاندا و پشکی هەرێم (۱۲.۶۷%) دەبێت لە خەرجییە ڕاستەقینەکە (نەک ۸۷.۳۳%ی خەرجییە ڕاستەقینەکە).

News ID 225715

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha