٢٢ حوزەیران ٢٠٢٥ - ١٥:٠٧

سوپای پاسداران:

واشنتن بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوەندە ئاشتیخوازە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاوانێکی ئاشکرای کرد

شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی هێرشەکە ناسراوەتەوە و لە ژێر چاودێریدایە
واشنتن بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوەندە ئاشتیخوازە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاوانێکی ئاشکرای کرد

سوپای پاسداران لە ڕاگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕایگەیاند ئەمریکا بەم هێرشە کە بۆسەر دامەزراوە ئاشتیخوازە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامی دا بەکردار خۆی خستە بەرەکانی دەستردرێژییەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەدرێژەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمریکا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل، بە هێرشێکی سەربازی و نایاسایی بۆ سەر ناوەندە ئاشتیخوازە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاوانێکی ئاشکرای کرد، کە بە ڕوونی پێشێل کردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیمانی NPT و بنەما سەرەکییەکانی رێزگرتنە لە سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان".

سوپای پاسداران دەشڵێت: هەر لە سەرەتاوە بۆیان ڕوون بووەوە کە "پشتیوانی و هاوڕێیەتیی هەمەلایەنەی ئەمریکییەکان لە داڕشتن و جێبەجێ کردنی ئەم دەستدرێژییەدا کاریگەر بووە." هەروەها دەڵێت، ئەم کارە "بۆ چەندینجار، بێتوانایی بەرەی دەستدرێژیکاری سەلماند. ئەوان نە دەستپێشخەری و نە توانای دەربازبوونیان لە وەڵامی قورس هەیە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: بەهۆی "چاودێریی وردی هەواڵگریی" هێزە چەکدارەکانەوە، شوێنی فڕینی فڕۆکە بەشداربووەکانی هێرشەکە "ناسراوەتەوە و لە ژێر چاودێریدایە."

سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە "ژمارە، بڵاوبوونەوە و فراوانیی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، خاڵی بەهێز نین، بەڵکوو لاوازی و ئامادەییان بۆ زیانپێگەیاندن دوو هێندە کردووە".

لەبارەی داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەیانەوە، سوپای پاسداران دەڵێت: "تەکنەلۆجیای خۆماڵی و ئاشتیخوازانەی ئێران بە هیچ هێرشێک لەناو ناچێت، بەڵکوو ئەم هێرشە ئیرادەی زانا گەنجەکانمان بۆ پێشکەوتن بەهێزتر دەکات".

هەروەها ڕایگەیاندووە، لە وەڵامی ئەم هێرشەدا ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ ۳"، کە تاوەکوو ئێستا ئیسرائیلەکان ۲۰ شەپۆلیان ئەزموون کردووە، "بەشێوەیێکی ورد، ئامانجدار و گورچکبڕ دژی ژێرخان و ناوەندە ستراتیژییەکانی رژێمی زایۆنی بەردەوام دەبێت".

سوپای پاسداران هۆشدارییێکی تووندتریش دەدات و دەڵێت: "دەستدرێژییەکەی ئەمڕۆی رژێمی تیرۆریستیی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات لە چوارچێوەی مافی ڕەوای بەرگری لەخۆکردندا، پەنا بۆ بەکارهێنانی بژاردەگەلێک ببات کە لە دەرەوەی تێگەیشتن و حیساباتی وەهمیی بەرەی دەستدرێژیکارە و دەبێت دەستدرێژکاران چاوەڕێی وەڵامی پەشیمانکەرەوە بن".

News ID 225630

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha