بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی هەر دەسەڵات و حکوومەتێک لە جیهاندا دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران و خۆشگوزەرانییە بۆ هاوڵاتیان، ئەمە ئەرکی حکوومەت و مافی مووچەخۆر و هاوڵاتیانە نابێ لە ژێر هیچ بیانوو پاساوێک پشتگوێ بخرێت. ئەوەش یەکێکە لە پێوەرەکانی دەسەڵات و حکوومەتی ڕەشید و دادپەروەر.
ئاماژەی بەوەش كرد، ساڵانێکی دوور و درێژە دەسەڵات و حکوومەتی هەرێم ئەو ئەرکە سەرەکی و گرنگەی خۆی پشتگوێ خستووە و تا ئێستا دەیان مووچەی هاوڵاتیانی نەداوە و دەیانی دیكەی بە نیمچە و نیوەمووچە داوە، ئەوە لەکاتێکدا داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم لەگەڵ ئەو بەشە بوودجە و مووچەی کە لە بەغداوە دێت بەزیادەوە بەشی مووچەی مووچەخۆران دەکات.
بەگوێرەی ڕایگەیاندراوەكە، حکوومەت و دەسەڵات لە بەغدا، لەگەڵ بوونی بریارێکی دادگای فیدراڵی کە نابێت مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە گرفتە سیاسییەکان بکرێت، بەڵام بەداخەوە دەیکات و حکوومەتی هەرێمیش لەو بارەوە بیانووی دەداتە دەست، هەموو ئەمانە بەنیسبەت مووچەخۆران هيچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ کە مووچەی پێنادرێت و ژیانی خۆیان و ماڵومناڵیان تاڵ دەکرێت و بازارو کاسبیش لە هەرێم سست و وەستاو دەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، ئێوە لە کاتێکدا چاوەڕوان بوون پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج وەربگرن کەچی لەناکاو حکوومەتی بەغدا نەک تەنها مووچەی مانگی پێنچ بەڵکوو چارەنووسی مووچەی مانگەکانی داهاتووی ئەم ساڵیشی خستە دۆخێکی نادیارەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، یەکگرتوو چۆن هەوڵیان دا لەرێگەی بریارێکی دادگای فیدڕاڵی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم مسۆگەر بکەن و کردیان، بە هەمان شێوە بەڵێن بە هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم دەدەن کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بەتایبەتی لە رێگەی فراکسیۆنەکانی یەکگرتو لە بەغدا و لە هەولێر بۆ بەردەوامبوونی مووچە و جێبەجێکردنی بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی تا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام بێت، لەو بوارەدا هەرچییان پێبکرێت ئەنجامی دەدەن.
هەروەها داوا لەهەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا دەکەین هەرچی زوترە کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن و تێکەڵی نەکەن لەگەڵ کێشەکانی نێوانیان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدەن.
Your Comment