بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' نووسیویەتی: "بەرژەوەندیی محەممەد شیاع سوودانی و چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار چییە کە ڕێک لەم کاتەدا گرفت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ساز دەکەن؟".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەمە لە کاتێکدایە وڵات لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە کێشەی تەکنیکی هەبێت، بەڵام بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، سیاسیی و بەرنامە بۆ دارێژراوە دژی هەرێمێکی دەستووریی، کە بێگومان کاردانەوەی دەبێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بوودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بوودجەى گشتى و دەڵێت: "۱۹.۲ تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى ڕادەست نەکراوە".
Your Comment