مەسروور بارزانی لە واشنتن دوو ڕێککەوتننامەی لە بواری وزە واژۆ کرد

لە واشنتۆن بەسەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە، لەنێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی «ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی» و «وێستێرن زاگرۆس» بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەسەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە لەنێوان هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس) لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا.

لە دوای واژووکردنی گرێبەستەکان مەسروور بارزانی لە وتارێکدا رایگەیاند: ئەم ڕێککەوتنە چەند ملیار دۆلارییە پابەندیی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنیت بۆ ئاشتی و پەرەپێدانی ئابووری لە ناوچەکە.

ناوبراو وتیشی: زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لێرە لە واشنتنم کە سەرپەشتی واژۆ کردنی ئەم دوو ڕێککەوتنە گرنگە بکەم، بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان بۆ هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و دواجاریش بۆ عێراق هەبووە.

بارزانی وتیشی: ئەم وەبەرهێنانە نوێیە ڕۆڵی دەبێت لە گەشەسەندی هەموو هەرێمەکە بەشێوەیێکی فراوان.

سەرۆکی حکوومەت ڕاشیگەیاند: حکوومەتی هەرێم پابەندییەکی زۆری هەبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت پرۆگرامی چاکسازی بووەتە هەنگاوێک بۆ دابینکردنی کارەبای ۲۴ کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. هیوادارین بتوانین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هاوکار بین.

ناوبراو دەشڵێت: پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراق دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، هەروەها پیرۆزبایی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکەم کە دەبنە بەشێک لەم هاوبەشییە گرنگە لەگەڵ ئێمە. لەو بڕوایەدام ئەمە دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە گەشەپێدانی ناوچەکە.

مەسروور بارزانی وتیشی: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، ئەو کاتەی بە هاوبەشی لە دژی دیکتاتۆرییەت و دژی تیرۆر شەڕمان کرد و توانیمان ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین، ئێستاش زۆر ئامانجی هاوبەشمان هەیە. پێمان وایە وەبەرهێنان لە وزە و گەشەپێدان لە ئابووری دەتوانرێت پەیوەندییەکانمان قووڵتر و بەهێزتر بکات.

News Code 225455

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha