بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشێوازێکی کەموێنە لەلایان نووسەران و لێکۆلەرانەوە لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی پێشوازییەکی کەموێنە لە خەڵاتی قەڵەمی هەژار کراوە و تا ئێستا هەزار بەرهەم لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان واتا ئێران ،هەرێمی کوردستان، کوردستانی سووریا، تورکیا، ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا بۆ نووسینگەی ئەم خەڵاتە نێردراوە.
یاریدەری توێژینەوە و داهێنانی زانکۆی کوردستان لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیدا کە بە ئامانجی لێکدانەوەی دواهەمین دەسکەوتەکانی خەڵاتی نێونەتەوەیی هەژار بەڕێوەچوو ڕایگەیاند: زانکۆکەمان لە ساڵانی ڕابردووا هەنگاوی گەورەی لە بواری زانست و لێکۆلینەوەدا هەڵگرتووە و دەرفەتێکی گونجاوی بۆ لێکۆڵەران فەراهەم کردووە تاکوو بتوانن بێ هیچ کێشەیەک خەریکی توێژینەوە و وەبەرهێنان و کاری زانستی بن.
عەلی ئەکبەر موزەفەری ئاماژەی بە کاری هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان کرد و ئاشکرای کرد ۱۰۰ کەسی پسپۆڕ لە وڵاتان و ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە کاری هەڵسەنگاندن و داوەری کردنی بەرهەمەکانیان لە ئەستۆ گرتووە.
لایخۆیەوە بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی کوردستان ناسیی زانکۆی کوردستان لەم کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای ساڵێک بەرنامەڕێژیی بەردەوام هەوڵمانداوە ئەم ڕووداوە فەرهەنگییە شایانی پێگە و ئاستی زانستیی مامۆستا هەژار بەڕێوە ببەین و هەروەها ئاشکرای کرد لە ۷ پارێزگای ئێرانەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ڕووداوە فەرهەنگییە مامۆستایانی زانکۆ و لێکۆڵەران و نووسەرانی فەرهەنگی بەشدارییان کردووە.
Your Comment