بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، وەفدە هاوبەشەکەی سێ حزبی کوردستانی تورکیا، کە پێکهاتبوون لە مستەفا ئوزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان و بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سوسیالیستی کوردستان و دۆزگین کاپلان، سەرۆکی پارتی ماف و ئازادییەکان و مەسعوود تەک، جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەکان لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆ بوونەوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەدیدارەکەدا بەوردی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی کورد لە ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و جەختیش لە پاڵپشتی کردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە تورکیا کرایەوە."
بارەگای بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە: "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بەتایبەت سووریا کرا" و مەسعوود بارزانی دیدی خۆی بۆ وەفدە هاوبەشەکە لەبارەی "بارودۆخ و دواڕۆژی کورد و دەرفەت و هەڕەشەکان" خستەڕوو.
ئەوەش لە کاتێکدا پێشتریش وەفدێک کە لە ژمارەیێک پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا پیکهاتبوون لەگەڵ مەسعوود بارزانی کۆبوونەوە.
Your Comment