داوا لە هەردوو باڵەکەی گۆڕان دەکرێت لەسەر وادەی کۆنگرە رێکبکەون

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شاندێکی ڕاسپاردووە بۆ ڕاوێژ كردن لەگەڵ هەردوو ئاراستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ رێککەوتن و دیاریکردنی وادەی کۆنگرە.

کوردپرێس: بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر دوو بەرە (گۆڕانی گردی زەرگەتە و گۆڕانی گەڕەکی کوردسات) دابەش بووە. بەرەی گەڕەکی کوردسات، ۲ـی شوباتیان بۆ بەستنی کۆنگرە دیاری کردبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ۲۹ـی کانوونی دووەم ڕایگەیاند، ''پەلە نەکرێت لە بەستنی کۆنگرە لەو رێککەوتەدا. بە گوێرەی ئەو داوایەی لە دەستەی گشتیی حیزبەکەوە نێردراوە.''

ڕۆژی سێشەممە، ۱۱ـی شوباتی ۲۰۲۵، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند. "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گفتوگۆی کرد لەبارەی یاداشتی، (فەرمانگەی کاروباری پارتەکان و رێکخراوە سیاسییەکان) کە ۲۹-۱-۲۰۲۵ نێردراوە کە پەیوەستە بە ڕاگرتنی رێکارەکانی بەستنی کۆنگرە، هەروەها ئەو نووسراوەی کە پێشکێش کراوە لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید شاسوار، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە وەکالەت، بە ژمارە ۷ لە ۴-۲-۲۰۲۵، هەروەها ئەو نووسراوەی کە لەلایەن یاسین حەمەعەلی محەممەدعەلی، رێگەپێدراوی ئەندامانی دەستەی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ژمارە ۵ لە ۴-۲-۲۰۲۵، پێشکێشکراوە."

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای گفتوگۆ لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بڕیاردرا بە راسپاردنی (فەرمانگەی کاروباری پارت و رێكخراوە سیاسییەكان) بۆ راوێژكردن لەگەڵ هەردوو داواکاریی بزووتنەوەی گۆڕان، تاوەکو بە رێککەوتن وادەی بەستنی کۆنگرەی گشتیی حیزب (بزووتنەوەی گۆڕان) دیاری بکەن، نابێت وادەی كۆنفرانسەكە لەو ماوەیە تێپەڕ بکات كە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیاری داوە، بە ژمارە (م/۱/هەڵاوێردن/ ۴۸) لە ۱۱ـی ئەیلوولی ۲۰۲۴دا دیاری كراوە."

لەمبارەوە کاردۆ محەممەد، ڕێکخەری ژووری پەرلەمانی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەکە (لە بەرەی گەڕەکی کوردسات) بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "ئێمە رێکخەرمان هەیە و هێشتا بڕیارمان نەداوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە، بە زووترین کات کۆدبینەوە و بڕیاری خۆمان دەدەین."

هاوکات، سەرچاوەیەکی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی جڤاتی نیشتمانی) لە گردی زەرگەتە بە رووداوی گوت، "ئێمە بەرەی جڤاتی نیشتمانی و دەستوورین، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە، چونکە ئەمڕۆ نووسراوەکەمان بینیوە، بە زووترین کات کۆدەبینەوە، دوای ئەوە بڕیاری خۆمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رادەگەیێنن."

۰۱-۰۲-۲۰۲۵، یاسین حەمە عەلی، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (لە بەرەی جڤاتی نیشتمانی) گردی زەرگەتە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، راگەیێندراوێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکەی خوێندەوە گوتی، لەسەر داوای ئەوان، بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەکە 'دواخراوە'؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 'بۆ دیاری کردنی کاتی بەستنی کۆنفرانس داواکارییان پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە".

ڕۆژی ۲۸-۰۹-۲۰۲۴، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەیدعەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە رێکخست.

بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (۲۷/۰۹/۲۰۲۴) دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش ڕاگیرا.

دوای ئەو ناکۆکییانە، ۰۴ـی ۱۰ـی ۲۰۲۴، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و ڕەتیان کردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.

News Code 224873

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha