بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەسۆوشیەیتید پرێس چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد کە دیارترینیان دۆخی نێوخۆی سووریا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا بوون.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستپێکی گوتەکانی تایبەت بوو بە ڕووخانی حکوومەتی پێشووی سووریا لە 8ی کانوونی یەکەمی پار و وتی، "رووخانی ڕژێم هەنگاوێکی مێژوویی بوو و لەسەر ئەو بنەمایەش پێویستە سووریای نوێ بەبێ حیزبی بەعس و ئایدۆلۆژیاکەی بێت". گوتیشی، "دەمانەوێت بەیەکەوە سووریا بەرەو پێشەوە ببەین".
هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ نەکراوە لەبارەی بوونی ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی سووریا
ڕۆژی 29ی کانوونی دووەم، کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریا بەڕێوەچوو کە تێیدا ئەحمەد شەرع، وەکوو سەرۆکى سووریا بۆ قۆناخى ڕاگوزەر دیاری کرا، پەرلەمان و سوپاى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرانەوە، حیزبى بەعس و حیزبەکانى دیکەى بەرەى نیشتمانى پێشکەوتوو هەڵوەشێنرانەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئامادە نەبووین و هیچی لەسەر ناڵێین". گوتیشی، هیچ گفتوگۆیەکیان لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ نەکراوە".
لەبارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی نوێی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن و "بەردەوام هەوڵ دەدەین ببینین ئاخۆ داهاتووی سووریا چۆن دەبێت". لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانەش بڕیاری خۆیان دەدەن. ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق بە نێوەندگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسان و دەیانەوێت وەکوو بەشێک لە سووریا بمێننەوە.
هەسەدە دەیەوێت سووریا وڵاتێکی نانێوەند، سیکولار و سیڤل بێت
فەرماندە کوردەکە ئەوەشی گوت: "تێڕوانینی ئێمە بۆ سووریا ئەوەیە کە وڵاتێکی نانێوەندی، سیکولار و سڤیل بێت لەسەر بنەمای دیموکراسی کە تێیدا مافەکانی هەموو پێکهاتەکان پارێزراوبێت". چەند پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینی لە سووریا دەژین کە دیارترینان کورد، تورکمان، ئەرمەنی، سونە، شیعە، کریستیان، عەلەوی، درووزەکان، یەزیدییەکانن.
پێشنیازمان کردووە بەشێک بین لە سیستەمی بەرگریی سووریا
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان مەزڵووم عەبدی دەڵێت، نایانەوێت سووریا پارچە پارچە بکەن و هاوشێوەی کوردانی باکووری عێراق پەرلەمان و حکومەتی ئۆتۆنۆمیان هەبێت. "سووریا عێراق نییە و عێراقیش سووریا نییە و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کوردستان (ی عێراق) نییە".
سەبارەت بە داهاتووی هەسەدەش لە سووریا فەرماندەی گشتیی هێزەکە دەڵێت، دەیانەوێت ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی و ستراتیژی بەرگریی سووریا و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازێکیان داوەتە دیمەشق. جەختی لەوەش کردەوە، "چاوەڕێیی وەڵامین".
دەمانەوێت هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بمێننەوە
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، نزیکەی دوو هەزار سەربازیان لە رۆژئاوای کوردستان هەیە و بەشێکی گرنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە دژی داعش.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی هەسەدە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتیدەکرێن دەڵێت، "هیوادارین هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەکشێنەوە. سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکاش گوتی، "داوایان لێدەکەین بمێننەوە".
Your Comment