بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاتیمئۆغوڵڵاری وتی: " ئۆجەلان لە دیداری دووەمدا زۆر بە ڕوونی باسی لەوەکردووە بەبێ ئۆپۆزسیۆن ئاشتی نایەتە ئارا، چوونکە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت، ئەم دەسەڵاتە هەموو شت لەپێناو خۆیدا ئاڕاستە دەکات".
ناوبراو گوتیشی: "لەو دیدارە چوار کاتژمێرییەدا ئۆجەلان گوتی، لە زەمینەیەکی دیموکراسیدا کار بۆ ئاشتی دەکەم، هێنانە ئارای زەمینەی ئاشتییەکی دیموکراسی تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە، بەڵکوو لەپێناو گەرەنتی کردنی مافی یەکسانیی هەموو هاوڵاتییانی ئەم وڵاتە و عەلەوییەکاندایە".
بەگوتەی هاوسەرۆکی پارتی دەم، ئۆجەلان گوتووشیەتی، "ئەوەش تەنیا بە قسە نابێت و لە کرۆکدا دەبێت، پێویستە ئەوە بە دەستوورێکی دیموکراسییانە گەرەنتی بکرێت و منیش بۆ ئەوە کار دەکەم".
ئۆجەلان باسی لەوەش كردووە: "لە هەموو شتێک زیاتر پێویستمان بە ئاشتییە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئازادیی بیروڕا نەماوە، ڕۆژنامەوانان دەستگیردەکرێن، هەژاری و بێکاریی زیاتر دەبێت و خەڵک ناتوانن گوزەرانێکی باشیان هەبێت".
هاتیمئۆغوڵڵاری روونیشی كردەوە: ئەگەر پارتی دەمیش ئاشتییەکی ناشکۆمەندانە قبووڵ بکات، گەلی کورد قبووڵی ناکات، چوونکە گەلی کورد گەلێکی سیاسییە و تەنانەت وشەی فریودانیش قبووڵ ناکات، دەسەڵات دەیەوێت هەموو شتێک بەو جۆرە ئاڕاستە بکات کە لە بەرژەوەندیی خۆیدایە و بۆ ئەوەش پەنا بۆ هەموو رێگە و رێبازێک دەبات".
Your Comment