لە بەغدا لیژنەى باڵاى جێبەجێ کردنى ڕێککەوتنى ئەمنى عێراق و ئێران کۆ بوونەوە

لیژنەى باڵاى جێبەجێ کردنى ڕێککەوتنى ئەمنى نێوان عێراق و کۆمارى ئیسلامیی ئێران لە بەغدا کۆ بوونەوە و بڕیاریان دا کۆبوونەوەى داهاتوویان لە هەرێمى کوردستان بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ بە پەرۆشن بۆ ئەوەى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانى دراوسێ بەکارنەهێندرێت.

ئەو کۆبوونەوەیەى لیژنە باڵاکە کە لە بەغدا کرا قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاساشى نەتەوەیی سەرۆکایەتیی کرد و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش تێیدا بەشدار بوو.

بەگوێرەى ڕاگەیێندراوێکى ڕاوێژکاریێتى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانى عێراق و ئێران، باسیان لەو ڕێوشوێنانە کرد، کە گرتوویانەتنەبەر بۆ جێبەجێ کردنى خاڵەکانى ڕێککەوتنى ئەمنیى نێوانیان، هەروەها تاوتوێی بەربەست و ئاڵنگارییەکانى بەردەم خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە کراوە.

ڕۆژی ۱۹ـی ئاداری ۲۰۲۳ لە بەغدا، عێراق و ئێران ئەو رێککەوتانە ئەمنییەیان واژۆکرد بۆ هاوئاهەنگی لە ڕووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

گرنگترین خاڵەکانى ڕێککەوتنەکە، دوورخستنەوەى لایەنە دژبەرەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانە لەسەر سنوورى نێوانیان.

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، بەشدارانى لیژنەى باڵاى جێبەجێ کردنى ڕێککەوتنى ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران ڕێککەوتوون، کۆبوونەوەى داهاتوویان لە هەرێمى کوردستان بکرێت.

لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس، قاسم ئەعرەجى ڕایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ بە پەرۆشن بۆ ئەوەى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر خاکى وڵاتانى دراوسێ بەکار نەهێندرێت. هەروەها سەرجەم بەربەستەکانى بەردەم جێبەجێ کردنى خاڵەکانى ئەو رێککەوتنە لاببرێن.

News ID 224805

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha