داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکەین بەو مەرجەی تەواوی بوودجەی هەرێم بنێردرێت نەک تەنها مووچە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، بەو مەرجە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکەن، ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی تەواوی بوودجەی هەرێم بنێرێت نەک تەنها مووچە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی پێنجشەممە، ۱۶-۰۱-۲۰۲۵، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی؛ کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا و بە وەکالەتی سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەکی دیکەی وەزیر و سەرۆک فەرمانگە پێک هاتبوو؛ لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر کۆ بووەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لـــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شایستە داراییەکانی هەرێم، هەناردەکردنەوەی نەوت، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان کردووە.

ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و پرسی مووچە

لەبارەی ڕادەست کردنی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە "ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکەین و لە ڕابردووشدا ئەمەمان گوتووە، بەڵام بەو مەرجەی هەموو بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، نەک تەنها مووچە."

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری "هیچ شاندێک بەمزووانە بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا؟" بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "تاوەکوو ئەم خولەکەی قسە دەکەین، هیچ بڕیارێک نییە تاوەکوو شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی یان حکوومەت، بەمزووانە یان هەفتەی داهاتوو بۆ پرسی مووچە بچێتە بەغدا."

هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد "ئامادەین نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت، بەڵام ئایا کێ پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هێواش کردەوە و وایکرد بە بڕی زیاتر لە ۲۵ ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق بکەوێت؟ بێگومان لە لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ پێشێلکارییەک نەبووە، بەڵام لە لایەنی حکوومەتی عێراق، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش نیازی چارەکردنیشی هەبووبێت، ئەگەر ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا قسە بکەین، هەندێک هێز و لایەنی دیکە هەن، دەتوانن ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بکەن کە لایەنی فەرمی دەیانکات."

هەڵوێستی وڵاتان لە چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا

هەورامانی باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتانیان گوتووە "لەنێو وڵاتەکانی ئێوەشدا چەندان پێکهاتە و ئایینی جیاواز هەن، بەڵام هەرگیز نەمان بیستووە، مووچەیان بڕدراوە یان برسی کراون، بۆیە پێوستە هەڵوێستان هەبێت لەوەی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕوو دەدات".

گوتەبێژی حکوومەت جەختی کردەوە، برسیکردن و ئەو مامەڵەیەی حکوومەتی عێراق بەرانبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیکات "هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت".ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ژمارە و ئامارێکی پێویستییان لەبارەی پێشێلکاریی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان خستووەتە بەردەم کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە

هەورامانی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دووپاتی کردەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ویستوویەتی فاکتەری سەقامگیری بێت و ئەو لایەنە بێت کە کێشەکان چارە بکات، تاوەکوو ئێستەش ئەو نیازەمان هەیە و نامانەوێت ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە عێراق تێک بچێت". 

News Code 224729

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha