مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز رایگەیاند، دەبێت کۆبوونەوەی سێ لایەنە لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان عێراق و کۆمپانیای بریتش پتڕۆڵیوم لە کەرکووک بکرێت و هەرێمی کوردستانیش بەشداری پێبکرێت.
لەو چاوپێکەوتنەدا وتوویەتی، بە گوێرەی دەستوور، هەرێم و بەغداد ناتوانن بڕیاری تاکلایەنە لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە بدەن، بۆیە جێبەجێ کردنی گرێبەستە نەوتییەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر نادەستوورییە.
مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، دژی پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک نین بەڵکوو دژی شێوازی جێبەجێ کردنەکەین و پێویستە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەبارەیەوە بکرێت.
دەربارەی زیاد بەرهەمهێنانی نەوتیشەوە مەسروور بارزانی دەڵێت، هەرێمی کوردستان رۆژانە ٢٨٠ بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت ئیدی چۆن زیاد لەوەی ئۆپیک دیاری کردووە بەرهەمی هێناوە؟ بەغداد هەمیشە خەتای ئەو بابەتانە دەخاتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان، چوونکە خەتا خستنەسەر کوردەکان ئاسانە.
سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێ، چیدیکە ناتوانن بێدەنگ بن بەرامبەر مامەڵە خراپەکانی بەغداد و هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوت و بوودجەی گشتیی عێراق.
پێشتر بەغدا و بریتش پتڕۆڵیۆم ڕێککەوتنێکی پێشوەختەیان واژۆ کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری دووبارە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووک.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت ئەم گرێبەستەک گەورەتر بێت لە ڕێککەوتنی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز (TTEF.PA) بۆ ساڵی ۲۰۲۳ کە لە بەسرە دەکرێتەوە و بەهاکەی نزیکەی ۲۷ ملیار دۆلارە.
کۆمپانیای بریتش پتڕۆڵیۆم ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیا نەوتییەکان بووە کە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا نەوتیان لە کەرکوک دۆزیوەتەوە و مەزەندەی کردووە کە ئەو ناوچەیە نزیکەی ٩ ملیار بەرمیل نەوتی وەرگیراو لەخۆ دەگرێت.
کۆمپانیاکە ۵۰% پشکی لە کۆمپانیایەکی هاوبەشدا هەیە کە کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی ڕومایلا لە باشووری وڵات بەڕێوەدەبات، کە سەدەیەکە لەوێ کاردەکات
Your Comment