بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: حکوومەتی هەرێم بە ڕوون و ڕاشکاوی داهاتی ناوخۆی خستوەتە بەردەستی حکوومەتی فیدراڵ، ڕازی بووین هەموو داهاتەکانمان ڕادەست بکەین لەبەرامبەر ناردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەغداد بەوەش ڕازی نەبووە.
ڕاشیگەیاند، غەدرێکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کراوە، دەبێت بەغدا پابەند بێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و ئیتر لەوبارەیەوە هیچ گفتوگۆیەک ناکەن.
جەختیشی كردەوە، ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی هەرێم ئەوا وەڵامێکیان دەبێت ڕەنگە بۆ هیچ لایەنێک سوودی نەبێت، جا ئەگەر کشانەوەش بێت لە پڕۆسەی سیاسی عێراق.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێم وتیشی، ساڵی ۲۰۲۴ بەغدا تەنها ۷%ـی پشکی هەرێمی کوردستانی ناردووە، کە بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبوو ۱۴% بێت، بۆیە ئەو مامەڵەیەی ئێستا بەغدا دەیکات، زەلیل کردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە چیتر ناتوانین ئەو زەلیل کردنە قبووڵ بکەین.
ئاماژەی بەوەش كرد، وەزیرە کوردەکان، پەیامی کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆ دەگەیەننە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ئەگەری بەردەوام بوونی بەغدا بەم دۆخە، بڕیاری گرنگ و چارەنووسساز دەدەین، كە خزمەت بە عێراق ناكات.
سەبارەت بە مووچەی مانگی ۱۲ وتی: "هەموو شتێکمان پێشکەشی بەغدا کردووە، کۆتا قسەی ئەوان ئەوەیە پارەی مووچە ڕەوانە بکەن، بەڵام تا ئێستاش هیچ بڕە پارەیەکیان نەناردووە، بۆیە هیچ ئومێدێکمان بە بەڵێنەکانی بەغداد نەماوە".
Your Comment