بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە؛ تێیدا هاتووە: "سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بەداخەوە بەهۆی کێشە دروست کردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێکرد. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردوون، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت".
مەسروور بارزانی پیرۆزبایی ساڵی نوێ دەکات و دەڵێت: "بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ۲۰۲۵، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم".
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی ۱۰یەمەوە، مەسروور بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "هەروەها ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە رێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات".
Your Comment