بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە ۲۳ی ۱۲ی ۲۰۲۴ بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ENKS) بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یەک هەڵوێستی کورد لە سووریای نوێدا کۆ بوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامبوونی دیدارەکان و پەلە کردن لە چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکی لەسەرەکان.
میدیاکانی کوردستانی سووریا باس لەوە دەکەن ئەم کۆبوونەوە و رێککەوتنە بەرئەنجامی گفتوگۆ و دیداری بەرپرسە باڵاکانی کورد بووە لە هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا لەوان مەسعوود بارزانی و مەزڵووم کۆبانی، بەتایبەت کە پارتی دموکراتی کوردستان هەژمونێکی گەورەی هەیە بەسەر پارتە کوردییەکانی ناو ئەنەکەسە.
ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی شێروان ئیبراهیم باس لە ووردەکاری دیداری نێوان مەسعوود بارزانی و مەزڵووم کۆبانی دەکات کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە نێوەندگیری فەڕەنسیەکان مەزڵووم کۆبانی سەردانی مەسعوود بارزانی کردووە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و دیالۆگی کوردی – کوردی و لێکنزیک کردنەوەی دید و بۆچوونەکان بەتایبەت کە (ئەنەکەسە) ڕەتی دەکردەوە لەگەڵ هەسەدە دابنیشێت، بەمەبەستی پێکهێنانی وەفدێکی هاوبەش و رەوانەکردنی بۆ دیمەشق بۆ قسەکردن لەسەر ئاییندەی سووریا و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە ئاییندەی سووریای نوێدا.
هەروەها سەلاح خدر ڕۆژنامەنووسی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان شەوی ڕابردووی بڵاویکردەوە کە مەزڵووم کۆبانی و مەسعوود بارزانی ڕۆژی هەینی ۲۰ی ۱۲ی ۲۰۲۴ بە نێوەندگیری فەڕەنسییەکان کۆ بوونەتەوە.
هەر لەمبارەوە درەومیدیا دەنووسێت سەرچاوە فەرمییەکانی کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستان خۆیان بە دوور دەگرن لە زانیاری سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە، ئەویش بەهۆی بارودۆخی سیاسی سووریا و هەژموونی تورکیا بەسەر هێزەکانەوە، کە بەشێکی لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا لەژێر هەژموونی تورکیادان.
هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن لە نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵووم کۆبانی پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدراوە نەک دیداری ڕووبەروو.
Your Comment