بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم كۆبانێ، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند پێشتر چەکدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) هاتوونەتە سووریا، بەڵام هێزەكانی سووریای دیموكرات هیچ پەیوەندیەكی ڕێكخراوەییان لەگەڵ پەكەكەدا نیە.
لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو شانازیی بەو شەڕڤانانەوە كرد كە خەڵكی سووریا نین و لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بە هاوكاریی ئەمریکا یارمەتیدەریان بوون لە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیدا و دەڵێت، "هەندێکیان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا گەڕاونەتەوە، هەندێکی دیکەش ماونەتەوە بۆ یارمەتیدانمان لە شەڕی داعش، هەركاتێک ئاگربەستی تەواو ئەنجامدرا، ئیدی کاتی ئەوە دێت ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان".
مەزڵووم كۆبانێ باسی لەوەشكرد، "ئێستا دۆخێکی جیاواز لە سووریا هەیە، قۆناغێکی سیاسی دەستپێدەکەین، پێویستە سووریاییەکان خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئیدارەیەکی نوێ دابمەزرێنن".
ئەوەشی خستەڕوو، "لەبەرئەوەی پێشهاتی نوێ لە سووریا هەیە، کاتی ئەوە هاتووە ئەو شەڕڤانانەی لە شەڕەکانماندا هاوکارمان بوون، بە سەربەرزەوە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
مەزڵووم كۆبانێ ڕوونیكردەوە، "تورکیا و گرووپە چەكدارە هاوپەیمانەکانی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر شاری کۆبانی لەسەر سنوور ئامادە دەکەن، ئەوەش وایکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات پێشنیاری کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە بکات و بەگوێرەی ئەو پێشنیازە، ناوچەکە لە دەستی هێزێکی ئاسایشی ناوخۆدا دەمێنێتەوە و هێزەکانی ئەمریکاش ئامادەبن بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم ناوچەیە، بە مەرجێک ئاگربەستێکی تەواو هەبێت".
کۆبانێ دەشڵێت، "لە لایەکی دیکەوە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئەگەر ڕوبدات و هێزەكانیان لە ئامادەباشی تەواودا.
مەزڵووم كۆبانێ لەبارەی ئەو شەڕڤانانەی كە خەڵكی سووریا نین زیاتر دەڵێت، "لە ساڵی ۲۰۱۴ چەکدارانی کورد لە ئێران، عێراق و تورکیاوە هاتوونەتە سووریا بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لە دوورخستنەوەی داعش لە کۆبانی، دوابەدوای شەڕی کۆبانی هەندێک لەوان، وەک پێشمەرگە گەڕانەوە ماڵەوە".
باسی لەوەش كرد، "دوای شەڕی کۆبانی، چەکدار لە پارتی کرێکاران هەبوون کە دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە بەردەوام بن لەو شەڕەدا و تا داعش بە تەواوی لەناو دەچێت".
مەزڵووم كۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستێكی تەواو جێبەجێ كرا و كۆتای بەشەڕ هات، ئەوا كار لەسەر گەڕانەوەی ئەو شەڕڤانانە دەكەن كە خەڵكی سووریا نین و لە ناوهێزەكانیاندان.
News Code 224568
Your Comment