بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پێشوازیی لە جەنەراڵ مایکل کۆرێلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و شاندەکەی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا تاوتوێی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی کرا، هەروەها تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و کاردانەوە بەردەوامەکانی ناوچەکە کرا.
محەمەد شیاع سوودانی لەمیانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە، "عێراق ئەندامێکی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە و پابەندە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیەتیەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەدواداچوون بەدوایی گرووپە تیرۆریستییەکاندا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "گرنگە ڕێز لە هەڵبژاردەی ئازادانەی گەلی سووریا بگرین و ئامادەین بۆ یارمەتیدانی گەلی سووریا لەم دۆخ و قۆناغی گواستنەوەدا، هەروەها بەردەوام دەبین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و دراوسێدا بۆ هاوکاری کردنی سوورییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە".
سوودانی باسی لەوەش کرد، "پاراستنی ئاسایشی سووریا و یەکپارچەیی خاک و سەلامەتی گەلەکەی و ئەو فرەچەشنییە نەتەوەیی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەی پێویستە، هەروەها دەبێت ڕێگری لە هێرشێک بۆ سەر هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا یان پیرۆزییە ئایینییەکانیان بکرێت، عێراق بەدوای ڕەوتی ڕووداوەکان و کردارە متمانەپێکراوەکاندا دەڕوات نەک قسەکان".
Your Comment