بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمشەو بە كەناڵی سکای نیوز-عەرەبی ڕایگەیاند، "۱۴ شارۆچکە و شار لە ناوچەكانی باکووری حەما لە ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێردا لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سووریاوە بە سەرۆكایەیتی گرووپی تەحریر شام کۆنترۆڵ کران".
ئاماژەی بەوەش كرد، "تەواوی سوپای سووریا لەو پارێزگایە كشاونەتەوە و ئەوەش بە فەرمانی سەرکردایەتی سەربازی ئەو وڵاتە بووە و لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا هیچ ئەندامێکی سوپای سووریا لە کاتی پێکدادانەکاندا نەکوژراون، چوونکە هیچ پێکدادانێک نەبووە".
بەڕێوبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشكرد، ئەوەی ئێستا ڕودەدات داڕمانی تەواوەتی هێزەکانی سووریایە، بەڵام ئایا داڕمانێکی تاکتیکییە لەسەر بنەمای ڕاستییەکانی دابەشبوونی سووریا یان داڕمانێکی ناسروشتییە، ئەوە ڕوون نیە.
هاوكاتی پەیامنێری كەناڵی سكای نیوز ڕایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکان ئێستا تەنها ۱۵ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەما دوورن و کۆنترۆڵی شارەکانی مۆریک و ئەللتەمینەیان لە باکووری حەما كردووە".
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد کە دوەم گەورەترین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییە لە دوای دیمەشق، بەوەش یەکەم دامەزراوەی ئاسمانی مەدەنی كەوتە ژێر دەسەڵاتی گرووپی تەحریر شام.
Your Comment