کوردپرێس:
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رێکارەکانی کاراکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و رێککەوتنە هاوبەشەکان کردووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد؛ هەروەها باسیان لەو هەڕەشانە کرد کە قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری دروستیان دەکات، ئەوەش بە دووژمنکارییە بەردەوامەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان، هەروەها دەستدرێژییەکانی بۆ سەر چەندین دەوڵەتی ناوچەکە".
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا یەک هەڵوێستییان لە بەرامبەر دوایین پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دووپاتکردەوە؛ هەروەها هانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دا هەوڵی تەواوی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست؛ هەروەها کاربکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی دوژمنکارییەکان و دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاریکردن لە فەلەستینییەکان لە خاکی مێژوویی خۆیان".
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێکارەکانی کاراکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و رێککەوتنە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و گەشەپێدان تاوتوێ کران".
لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەبارەی ئەو کۆبوونەوە دەڵێت: لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کراوە و تێیدا رەجەب تەییب ئەردۆغان ئاماژەی بە پەیوەندییە بەهێز، مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کرد و جەختی لە پەرەپێدانی زیاتر و سوودوەرگرتن لە فراوانکردنی بازنەی پێکەوەکارکردن بۆ سەرخستنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کردووەتەوە.
ئەردۆغان ڕاشیگەیاندووە: "تێرۆر مەترسی گەورەیە بۆسەر ئاسایشی تورکیا و عێراق. پێویستە هەردوو وڵات بە هاوبەشی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان ببنەوە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و ئارامی نێوخۆیی و دەرەکی". هەروەها ئەردۆغان سوپاسی حکومەتی عێراقی کردووە لەو هەنگاوانەی بەرامبەر پەکەکە ناویەتی.
Your Comment