بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عێراق، ئەمشەو لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردوە، هەردوو وڵات پەیوەندییەکی ستراتیجییان هەیە، لە ئەنجامی ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستپێهێنانی داعش و وڵاتانی دۆست، هەروەها گفتوگۆی چڕی لێژنەی باڵای سەربازیی ئەمریکا و عێراق، کە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا بە پەرۆش و پیشەیی لە کۆبوونەوە چڕەکاندا کاریان کردووە و لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوکە، هەردوولا ڕیککەوتن لەسەر تەواوکردنی ئەرکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە ماوەی ۱۲ مانگی داهاتوودا، کە لە کۆتایی مانگی (ئەیلول/۹)ی ۲۰۲۵ درەنگتر نەبێت و گواستنەوەی بۆ هاوبەشی ئەمنی دوولایەنە بۆ پاڵپشتی کردنی هێزە عێراقییەکان و بەردەوام بوونی فشارەکانی سەر داعش.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەو پێیەی عێراق ئەندامێکی جەوهەریی هاوپەیمانییەکەیە و بۆ ڕێگری کردن لە گەڕانەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە، هەروەها بەپێی مەرجە مەیدانییەکان و ڕاوێژکارییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و ئەندامانی هاوپەیمانییەکە، ئەرکی ئەو هاوپەیمانییە سەربازییەی لە تا مانگی (ئەیلول/۹)ی ۲۰۲۶ بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لیژنەی باڵای سەربازی پابەندە بە داڕشتنی ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەدیهێنانی ئەوەی لە بڕگەکانی سەرەوەدا هاتوە لەگەڵ کات و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان، لەوانەش ڕێکارەکانی دەستەبەرکردنی پاراستنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان کە لە ماوەی ڕاگوزەردا کە لە عێراقدا ئامادەن، بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق، هەنگاوی پراکتیکی بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنانە دەستیان پێکردووە.
عێراق لای خۆیەوە، سوپاسی هاوپەیمانێتیەکە دەکات بۆ ئەو پاڵپشتییەی پێشکەشی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی کرد لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەو هەڕەشە هاوبەشە و مسۆگەرکردنی شکستی داعش لەسەر خاکی عێراق و لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەش ئەمریکایە کە لەگەڵ عێراقدا لە هەلومەرجێکی سەختدا وەستاوە.
Your Comment