ناوەڕۆکی گفتوگۆی نێوان پزیشکیان و سەرۆک کۆماری عێراق

لەتیف جەمال رەشید پێشوازیی کرد لە  مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدی یاوەری.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆک کۆماری عێراق بەخێرهاتنی لە سەرۆکی ئێران کرد و دوبارە پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە وەک سەرۆک کۆمار، هاوکات دوبارە سەرەخۆشی لێکرد بۆ کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و هاوەڵانیان، کە بە ڕووداوێکی کارەساتبار گیانیان لەدەستدا.

لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست، پتەو و مێژوویین. ڕوونیشی کردەوە، ئێران دراوسێیەکی گرنگی عێراقە و پێگەیەکی گەورەی ناوچەیی هەیە بۆ پشتیوانی کردنی سەقامگیریی ناوچەکە، عێراقیش بە تەواوی و بەهێزییەوە پاڵپشتی هاریکاریەکی هاوبەش دەکات لەپێناو بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و چەسپاندنی ئاسایشی سنوورەکان و کارکردن بۆ کۆتایی هێنان بە گرژییەکان لە ناوچەکەدا.

هەروەها لەتیف ڕەشید جەختی کردەوە لە پێویستی کاراکردنی بڕگەکانی رێککەوتننامە و یاداشتەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا.

یان ئاماژەی بەوەدا، کە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە ئاڵنگارییە هەرە دیارەکانی بەردەم هەردوو وڵات و جیهان بە گشتی. لەم بوارەشدا گرنگی کارکردنی هاوبەشی دوپاتکردەوە، بە تایبەت لە پرسی ئاودا. هاوکات داوایکرد ڕێڕەوە ئاوییەکانی روبارە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات بکرێنەوە و هەموان بگەن بە لێکتێگەیشتنێک، کە جێی رەزامەندی بێت سەبارەت بە دابەشکردنی ئاو.

هاوکات سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ئێران لەلای حکوومەتی عێراق، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی کرد بۆ گرنگی کارکردن لەپێناو دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ پێدانی ئەو شایستە داراییانە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە پێچەوانەشەوە.

هەر لە دیدارەکەدا، لەتیف جەمال رەشید، ئیدانەی دەستدرێژییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد، کە بوەهۆی شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنیە و هاوەڵانی. جەختیشی لە هەڵوێستی پتەو و نەگۆڕی عێراق کردەوە سەبارەت بە دۆزی فەڵەستین و مافی گەلی فەڵەستین لە گەیشتنی بەخواستەکانی و بەدەستهێنانی تەواوی مافەڕەواکانی لەسەر خاکەکەی.

هەروەک یان دەستدرێژییە دڕندانەکانی قەوارەی زایۆنی بۆسەر کەرتی غەززە و  خاکی فەلەستین سەرکۆنە کرد، کە لە ئەنجامدا هەزاران شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە و گەمارۆی ناڕەوای خۆراک، ئاو، کارەبا و سوتەمەنی سەپاندوە. لەم بارەیەشەوە پشتگیری عێراقی بۆ هەر دەستپێشخەرییەکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی دوپاتکردەوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.

لەلای خۆیەوە سەرۆک کۆماری ئێران سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پێشوازی گەرم و میواندارییەکە دەربڕی و هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێدا بەرزنرخاند. جەختیشی کردوە، کە کۆماری ئیسلامی بە پەرۆشە بۆ  بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکان و هاوئاهەنگیکردن سەبارەت بە هەموو ئەو پرسانەی جێی بەرژەوەندی هاوبەشن، هەروەها خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دۆزینەوەی دەرفەت و میکانیزمی زیاتری هاریکاری لەپێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها سەرۆک  کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشی لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا کرد لەپێناو داڕشتنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بۆ هاریکاری هاوبەش لە سێکتەرەکانی تەندروستی، ژینگه، پیشەسازی، ئاسایش و گەشتوگوزار، کە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

News Code 224060

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha