ڕۆژی ۳۰ی حوزەیران شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە بەسەرۆکایەتی هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی بەغدادیان کرد.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، یەکی تەمموز ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشە و گرفتانە کراوە کە لە بواری گومرگ و خاڵە سنوورییەکان لەنێوان هەردوولا هەن و جەخت لەسەر جێبەجێ کردنی خاڵەکانی کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ڕابردوو کرایەوە، وەک نەخشەڕێگای چارەسەری کێشەکان.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، شاندی هەردوولا هاوڕابوون کە یەک سیاسەتی گومرگی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و هەماهەنگیی زیاتر بکرێت بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە هەماهەنگی و کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت، تاوەکوو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
Your Comment